بە پێی مێدیاکانی ئێران، محەممەد جەواد زەریف، یاریدەدەری سەرۆک کۆماری وڵاتەکە دەستی لەکار کێشایەوە.
یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کرد، محەممەد جەواد زەریف، یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ئێران دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کردووە، بی ئەوەی هیچ هۆکارێک بۆ دەستلەکارکێشانەوەکەی ئاشکرا بکەن.
دەستلەکارکێشانەوەی زەریف لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی خۆیدا بە ئامادەبوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای مشتومڕێکی زۆر، بە دەنگی 182 پەرلەمانتار متمانەی لە عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری دارایی و ئابووری وەرگرتەوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئێران، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران دانی بەوەدانا “دابەزینی بەهای تومەنی ئێرانی و خراپیی دۆخی ئابووری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سزاکانی ئیدارەی ترەمپ توندتر بوونە و لە ڕووی ئابوورییەوە پەتی گەردەنمانی توندتر کردووە”.
پزیشکیان ئاماژەی بەوەش دا “وڵاتەکە ڕووبەڕووی گەمارۆی ئابووریی زیاتر بووەتەوە، حکوومەت پلانی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئالنگاریانە، بەڵام پێویستمان بەوەیە هەمووان کۆببنەوە لەبری یەکتر تاوانبار کردن.” گوتیشی: دۆخی ئێستا وەک شەڕێکی تەواوە.