ئێوارەی دوێنێ هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە ئۆڤاڵ ئۆفیس لە کۆشکی سپی لە بەرامبەر میدیاکاندا سەرزەنشتی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینایان کرد.
دۆناڵد ترەمپ بە تووڕەییەوە هێرشی کردە سەر زێلێنسکی و پێی گوت: “لە پێگەیەکی زۆر باش نیت، قومار بە جەنگی سێییەمی جیهانەوە دەکەی، گەلەکەت زۆر ئازان، بەڵام تۆ دەبێت یان رێککەوتنێک بکەیت، یان ئێمە لەم بابەتە دەچینە دەرەوە، ئەگەر ئێمەش بچینە دەرەوە، خۆتان دەبێت ئەو شەڕە بکەن”
ترەمپ، ئەوەشی زیاد کرد، “خەریکە سەربازت نامێنێت، هاتووی بە ئێمە دەڵێیت ئاگربەستت ناوێت.”
کاتێکیش زێلێنسکی گوتی دەتوانم وەڵام بدەمەوە؟، ترەمپ پێی دەڵێت، “نەخێر ناتوانیت، تۆ زۆر قسەت کر!”
دوای دەمەقاڵێی توندی نێوانیان، ئۆکراینا کاردانەوەی نێودەوڵەتیی زۆری لێ کەوتەوە.
• ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا و ئەنتۆنیۆ کۆستا سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا بۆ زێلێنسکی: “بەتەنها نابیت، بوێر و بەهێز و خۆڕاگر بە. بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵت لەپێناو ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی”.
• ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا: “ڕووسیا دەستدرێژکارە و ئۆکراینای دەستدرێژیی کراوەتە سەری، ئێمە لەسەر حەق بووین لە یارمەتیدانی ئۆکراینا و سزادانی ڕووسیا بەر لە 3 ساڵ”.
• دۆناڵد تۆسک، سەرۆکوەزیرانی پۆلەندا: “زێلێنسکی ئازیز و دۆستانی ئۆکراینا ئێوە بەتەنها نین”.
• پیدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا: “ئۆکراینا، ئیسپانیا شانبەشان لەگەڵتایە”.
• ئۆلاف شۆڵتەز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا: “ئۆکراینا دەتوانێت پشت بە ئەڵمانیا ببەستێت”.
• دێک شۆف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا: “پشتیوانیی هۆڵەندا بۆ ئۆکراینا نەگۆڕە بەتایبەتی لە ئێستادا.”.
• جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا: “پێویستە بەپەلە لووتکەی ئەوروپا و ئەمریکا ڕێک بخرێت”.
• کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: “هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی ئۆکراینا بگات بە ئاشتی”.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا: “زێلێنسکی گاز لەو دەستە دەگرێت کە خواردنی پێ دەدات”.