ئەفغانستان.. بەهۆی بارانی بەخوڕەوە 29 کەس گیانیان سپارد

بەرپرسانی ناوچەکە ئاماژەیان بەوە دا، بەهۆی بارانی بەخوڕەوە، کە دوو ویلایەتی باشووری ڕۆژئاوای ئەفغانستان گرتووەتەوە، 29 کەس گیانیان سپارد.

سێشەممە 25ـی شوباتی 2025، محەممەد ئەیسرائیل سیار، سەرۆکی بەشی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ناوخۆیی لە ئەفغانستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: بەهۆی بارانی بەخوڕ لە ویلایەتی فیرا لە ئەفغانستان، 21 کەس گیانیان سپارد.

ئاماژەی بەوە دا، لەنێو قوربانییەکان ئافرەت و منداڵیش هەن، کە بۆ گەشت و سەیران ڕوویان لە ناوچەکە کردبوو. هەروەها لە ویلایەتی قەندەهاریش بەهۆی باران و لافاوەوە هەشت کەس گیانیان سپارد.

ئەفغانستان یەکێکە لە وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەرە، وڵاتەکە زۆرجار تووشی زریانی مەترسیدار یان لافاو دەبێت.

تەنیا لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا لە مانگی ئایاری ساڵی 2024، لافاوێکی چاوەڕواننەکراو لانیکەم 300 کەسی لە وڵاتەکە کوشت و چەندین کەسی دیکەش بێسەروشوێن کرد.