پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) چاوەڕوانە، عەبدوڵلا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا داوای چەکدانان لە پەکەکە بکات، بۆ ئەوەی نیازپاکیی پەکەکە لە پابەندبوون بە پرۆسەی ئاشتی ڕوون بێتەوە.
ئەفکان عەلا، جێگری سەرۆکی ئاکپارتی، کە پارتی دەسەڵاتداری تورکیایە و لە دوای بەستنی هەشتەمین کۆنگرەی فراوانی حزبەکەی بۆ میدیاکانی تورکیا قسەی کرد و ڕایگەیاند، نایانەوێت چیتر توندوتیژی و تیرۆر لە تورکیا ڕوو بدات.
عەلا گوتییشی: بە باشی سەیری ئەو گۆڕانکاریی و پێشهاتانە دەکەن، کە لە دەوروبەری تورکیا ڕوو دەدەن، تاوەکوو ئێستا تورکیا باجێکی زۆر داوە و هاووڵاتیانی بوونەتە قوربانی ڕووداوەکان، هەموو ئەوانەش بوونە سەرچاوەی ئێش و ئازارێک زۆر بۆ گەلی تورکیا لە ئاستی ناوچەکە.
جێگری سەرۆکی ئاکپارتی لەبارەی پابەندبوونی پەکەکە بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان گوتی: چاوەڕوان دەکەین ئۆجەلان داوا لە پەکەکە بکات چەکەکانی دابنێت، هەربۆیە گەشبینین کە پەکەکە پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبێت، بەڵام بەرژەوەندیی و بارودۆخی ناوچەکە جیاوازی هەیە، بۆیە گومان دەکەین پەکەکە بە وریاییەوە نزیک دەبێتەوە.
بە گوتەی یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، دەبێت لەم دوو سێ ڕۆژەدا، واتە بەر لە کۆتایی ئەم مانگە عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە چوارچێوەی پرۆسەی نوێی ئاشتی پەیامێک ئاراستەی سەرکردایەتیی پەکەکە بکات.
تونج گوتبووی: “ئۆجەلان پەیامی ڤیدیۆیی نابێت و ناوەرۆکی پەیامەکەشی بۆ دەوڵەت و گەلی تورکیا نییە، بەڵکوو تەنیا بۆ ئەو ڕێکخراوە چەکداریی (پەکەکە)ـەیە، کە خۆی دایمەزراندووە، چونکە حکوومەتی تورکیا لەم پرۆسەیەدا نایەوێت بە قسەیەکیش ئازار بە بنەماڵەی سەربازە کوژراوەکانی سوپای تورکیا بگات.”
وەزیری دادی تورکیا ڕاشیگەیاندبوو، شاندی دەم پارتی ئەگەر داواکاری پێشکەش بکەن، دەتوانن بۆ جاری سێیەم لە زیندان ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلان بکەنەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ داواکارییەکانیان پێشکەش نەکردووە.
شاندەکەی دەم پارتی، کە شاندی ئیمراڵی ناسراوە، لە پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر پێکهاتوون و تاوەکوو ئێستا دوو جار لە بارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان کۆ بووەتەوە.