سێرگی لاڤرۆڤ: دەرفەت هاتووتە پێش کێشەکان چارە بکەین

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە ئەنقەرە باسی لە چەند پرسی جیاواز و فراوانی کرد لەوانە، مەرجەکانی کۆتاییهێان بە جەنگی ئۆکرانیا، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەڵەستین، پرسی وزە و ئەتۆم لە تورکیا و کۆبوونەوەی شاندی ڕووسیا و ئەمەریکا و لەگەڵ چەندین پرسی دیکەی.

دووشەممە 24ـی شوباتی 2025. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سەردانی ئەنقەرەکەی کرد و لەگەڵ  هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبونەوە، دوای کۆبوونەوەکەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەو بابەتانە کرد کە گفتوگۆیان لە بارەوە کردووە.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکەمان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی دوولایەن، بە شێوەییەکی فراوان باسی تەواوی هاوکێشە جیاوازە نێوخۆیی و نێودەڵەتییەکانمان کرد، وەکوو پرسی وزە، جەنگی ئۆکرانیا، کەرتی بازرگانی، نوێترین پێشهاتەکانی غەززە و سووریامان کرد.

جەنگی ئۆکرانیا و کۆبوونەوەی ڕووسیا و ئەمەریکا

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا گوتی: ئێمە هەر لەسەر هەڵوێستی خۆمان بەردەوامین، ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی سەر هەڵدانی ئەو جەنگە دەبێت چارە بکرێن؛ هاوکات ئێمەش لەگەڵ ئاشتی هەمیشەیین.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەبارەی کۆبوونەوە ڕیاز لەگەڵ شاندی ئەمەریکا باسی لەوە کرد “لە نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا دەرفەت هاتووتە پێش بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بابەتانە کۆدەنگیان نییە دانوستاندن بکەن.”

هەروەها ئاماژەشی دا “هەوڵێک هەیە بۆ ئەوی تەواوی ئەو ناکۆکییانە چارەبکەین.” گوتیشی: شاندەکان لە کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن.

سێرگی لاڤرۆڤ ڕاشیگەیاند “گرنگییەکی زۆر بە دەستپێشخەری ئەمەریکا لەبارەی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا دەدەن.”

ئیسرائیل و حەماس

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی لەبارەی پێشهاتەکانی غەززە گوتی: ئاشتیی هەمیشەی نێوان ئیسرائیل و حەماسمان پێویستە، دەبێت لە چوارچێوەی جاڕنامەی جیهانی، یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرگریی لە دەوڵەتی فەلەستین بکرێت.

پەیوەندیی نێوان تورکیا و ڕووسیا

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەبارەی پەیوەندییەکەیان لەگەڵ تورکیا گوتی: لە هەموو سێکتەرکان و لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان هەماهەنگی و هاریکاری لە نێوانماندا هەیە.

هەروەها باسی لەوەش کرد “ئەو دوو وڵاتە لە زۆربەی پرسەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان هەیە، پێشتر چەندین جار، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا کۆبوونەوەتەوە.

گازی سروشتی

سێرگی لاڤرۆڤ، ئەوەشی خستە ڕوو، لەبارەیی گازی سروشتی قسەیان کردووە و لە نێوانیاندا پەرە بە کەرتی وزە دەدەن، بەتایبەت پاراستنی ئاسایشی بۆرییەکان، چونکە ئۆکرانیا چەندین جار هێرشی کردووتە سەرئەو بۆرییەی کە ڕووسیا لە ڕێگەیەوە وزە دەگوازیتەوە بۆ ئەورووپا، ئەمەش بۆ تورکیا زۆر گرنگە و کاریگەر بەسەر توانای وزەی تورکیا دەبێت.

وێستگەی ئەتۆمی ئاککویو

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گوتی: باسمان لە وێستگەی ئەتۆمی ئاککویو کرد و لە داهاتووشدا شاندەکانمان لەو بارەویە کۆ دەبنەوە، بۆ ئەوەی ئەم ناوەندە ئەتۆمییە بەکار بخرێت، تاوەکوو ئێستەش کاری بیناسازی لە ناوەندەکە بەردەوامە.

لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا

هاکات هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، تاوتوێی دوایین دۆخی سوورییان کردووە و لەگەڵ ڕووسیا هەمان بۆ چوونیان هەیە لەبارەی یەکپارچەیی و سەربەخۆیی خاکی سووریا، نەهێشتنی گرووپە چەکدارەکان لەو وڵاتە.

فیدان گوتی: تورکیا بەرگەی ئەو گرووپانە ناگرێت کە دەیانەوێت لە سووریا جێگەی خۆیان خۆش بکەن؛ چاوپۆشیان لێ ناکەین. پێشبینی دەکەین هەمووان ڕێز لە نیگەرانییەکانی ئێمە بگرن.