دامەزراوەی گۆڵدمان ساکسی ئەمەریکی ڕایگەیاند، بەهۆی باجەکانی دۆناڵد ترەمپ بەسەر نەوتی هاوەردەوە، هاووڵاتییانی ئەمەریکا ساڵانە ڕووبەڕووی 22 ملیار دۆلار تێچووی گومرگی کەلوپەلەکان دەبنەوە، لەکاتێکدا حکوومەت 20 ملیار دۆلار داهات بەدەستدەهێنێت.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ شەممە 22ـی شوباتی 2025، بڵاوی کردووتەوە، دامەزراوەی گۆڵدمان ساکسی ئەمەریکی پێشنیازی کردووە، ئەگەر سەپاندنی 10% باج بەسەر نەوتی هاوەردەکراو لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە جێبەجێ بکرێت، کۆمپانیاییە بیانییەکانی نەوت هاوردەی ئەمەریکا دەکەن، ساڵانە 10 ملیار دۆلار زیان دەکەن.
دامەزراوە ئەمەریکییەکە ڕوونیشی کردووەتەوە، سەرەرای ئەوەی ئەمەریکا باج بەسەر نەوتی هاوەردەکراو دەسەپینێت، بەڵام ئەمەریکا وەکوو شوێنێکی سەرەکی کڕینی نەوتی قورس خاو دەمێنێتەوە، ، چونکە پاڵاوگە پێشکەوتووەکان و تێچووی کەمی، وایکردووە پاڵاوگە ئەمەریکییەکان زۆرترین کێبڕکێیان لەسەر هەبێت.
هەروەها دامەزراوەکە هەڵسەنگاندنی بۆ ئەوە کردووە کە، هاووڵاتییانی ئەمەریکا ساڵانە ڕووبەڕووی 22 ملیار دۆلار تێچووی گومرگی کەلوپەلەکان دەبنەوە، لەکاتێکدا حکوومەت 20 ملیار دۆلار داهات بەدەستدەهێنێت.
هەروەها دامەزراوەی گۆڵدمان ساکس ڕایگەیاند، پێویستە نرخی نەوتی سووکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هەر بەرمیلێک 50 سەنت بەرزببیتەوە بۆ ئەوەی سەرنجی کۆمپانیاییە ئاسیاییەکان ڕابکێشێت.
هاوکات پاڵاوگەو و بازرگانە ئەمەریکییەکان دەتوانن ساڵانە 12 ملیار دۆلار قازانج بکەن، بەهۆی تێکەڵکردنی نەوتی خاوی قورس و نەوتی خاوی سووکی ئەمەریکا و فرۆشتنیان لە بازارەکانی جیهان.
ئەمە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، پلانی سەپاندی 25% باجی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی کەنەدا و مەکسیک و 10% بەسەر نەوتی کەنەدا بۆ مانگی ئادار دواخستووە.