نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە میانی هەڵمەتی هێزە ئەمنییەکانی لیبیا دژی تۆڕەکانی بازرگانیی بە مرۆڤ، 93 ڕوفات لە دوو گۆڕی بەکۆمەڵدا دۆزراونەتەوە.
ڕۆزماری دیکارلۆ، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا گوتی: دۆزینەوەی دوو گۆڕی بەکۆمەڵ لە دوای هەڵکوتانە سەر شوێنەکانی بازرگانیی بە مرۆڤەوە، بە ترسناک و کارەساتبار ناو برد و گوتیشی: جەخت لەسەر مەترسییەکی گەورەیە دەکاتەوە کە ڕووبەڕووی کۆچبەران دەبێتەوە لە لیبیا.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە 7ـی شوباتدا گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە کێڵگەیەکدا لە ناوچەی ئیجخارا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی لیبیا دۆزرایەوە و ڕۆژی دواتر گۆڕێکی بەکۆمەڵێکی دیکە لە کوفرە، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات دۆزرایەوە.
دیکارلۆ، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: تا ئێستا 93 ڕوفات لە ئیجخارا و کوفرە دەرهێنراون.” هەروەها ئەو مامەڵە دڕندانە و نامرۆڤانەیشی شەرمەزار کرد کە کۆچبەران بە منداڵانیشەوە، لە لیبیا تووشی دەبن.
10 ڕۆژ لەمەوبەر، نووسینگەی داواکاری گشتیی لیبیا، دۆزینەوەی 28 ڕووفاتی کۆچبەرانی ئەفریقایی لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا ڕاگەیاند کە لە ناوچەی کوفرە دۆزرایەوە، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا لە شوێنێک کە لەلایەن تۆڕێکی قاچاخچییەکانەوە کۆنترۆڵ کرابوو 76 کۆچبەر تێیدا ڕاگیرابوون.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لێکۆڵینەوەکان بوونی ڕێکخراوێکی تاوانکارییان ئاشکرا کردووە، بازرگانیی بە مرۆڤەوە دەکەن و مامەڵەی خراپ لەگەڵ کۆچبەراندا دەکەن و ئەشکەنجەیان دەدەن.
دواتر ڕێکخراوی کۆچبەری نێودەوڵەتی، باسی دۆزینەوەی دووەم گۆڕی بەکۆمەڵ لە شاری ئیجخارای کرد کە 19 ڕووفات تێدا دۆزرایەوە و مەزەندەی کرد لەوانەیە ئەو گۆڕەی کوفرە ڕوفاتی 70 کەسی تێدا بێت.
لیبیا لە دوای ڕووخانی موعەمەر قەزافی، لە ساڵی 2011ەوە دوای ناڕەزایەتی و دەستوەردانی نێودەوڵەتی، شاهیدی دۆخێکی پشێوی سیاسی و ئەمنییە.
کاروباری وڵات لەلایەن دوو حکوومەتەوە بەڕێوە دەبرێت، یەکەمیان لە تەرابلوس کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە و عەبدولحەمید دەبیبە، سەرۆکایەتیی دەکات، دووەمیان لە ڕۆژهەڵاتی وڵات کە ئوسامە حەماد، سەرۆکایەتیی دەکات و لەلایەن پەرلەمان و خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سوپاوە پاڵپشتی دەکرێت.
لیبیا نزیکەی 300 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دوورە، بووەتە یەکێک لە قەڵاکانی بازرگانیی بە مرۆڤ.
دەیان هەزار کۆچبەر لە ئەفریقا لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەورووپا دەبنە نێچیری بازرگانەکانەوە و هەندێکیشیان لە کاتی پەڕینەوە مەترسیدارەکانی دەریای ناوەڕاستدا دەمرن.