ناتانیاهۆ: ئەمڕۆ ڕۆژێکی پڕ ناسۆرییە بۆ ئیسرائیل

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕۆژێکی پڕ لە ناسۆرییە بۆ ئیسرائیل کاتێک تەرمی 4 لە بارمتەکانی خۆی لە حەماس وەردەگرێتەوە، ئەمەش لەچوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان هەردوولادا هەیە.

پێنجشەممە 20ـی شوباتی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: ڕۆژێکی پڕ لە زەحمەتی بەسەر ئیسرائیلدا تێپەڕ دەبێت و ماتەمینی ڕادەگەینین، دەشڵێت: ئەمڕۆ تەرمی چوار لە بارمتە خۆشەویستەکانی نیشتمان وەردەگرینەوە.

پێشتر، کەتیبەکانی عزەدین قەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، ناوی چوارەم تەرمی بڵاوکردەوە کە بەنیازە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی شوبات ڕادەستی ئیسرائیلیان بکاتەوە، لەچوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ ئیسرائیل هەیەتی، گوتەبێژی کەتیبەی عزەدین قەسام ڕایگەیاند: پێنجشەممە تەرمی 4 بارمتە ڕادەستی ئیسرائیل دەکاتەوە، 3 لەو تەرمانە لە خانەوادەی بیباسن، دەڵێت: ئەوان لە ژیاندا بوون تا ئەو کاتەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل شوێنەکانی بۆردوومان کردن و بەهۆیەوە هەموویان کوژران.