لە درێژەی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەرانی نایاسایی، واشنتن کاروانێکی 300 کۆچبەری دیکەی ڕەوانەی پەنەما کرد.
بە گوتەی دەسەڵاتدارانی پەنەما، زیاتر لە 40%ی ئەو کۆچبەرانەی لە ئەمەریکاوە ڕەوانە کراون، ڕەتی دەکەنەوە خۆبەخشانە بۆ وڵاتەکانیان بگەڕێنەوە و بەشێک لەو کۆچبەرانەی لە دەستبەسەریدان لەسەر پەنجەرەی ژوورەکانیان پەیامی جۆراوجۆریان هەڵواسیوە و لەسەریان نووسراوە “یارمەتیمان بدەن” و “ئێمە لە وڵاتەکەماندا پارێزراو نین”.
زۆرینەی کۆچبەرەکان خەڵکی ئاسیان و لە 10 وڵاتەوە چوونەتە ئەمەریکا، لەوانە ئێران، هیندستان، نیپاڵ، سریلانکا، پاکستان، ئەفغانستان، چین و وڵاتانی دیکە، هەربۆیە ئەستەمە بەشێک لەو کۆچبەرانە ڕاستەوخۆ دیپۆرتی وڵاتەکانیان بکرێنەوە، بە پێی ڕێککەوتنێک پەنەما بووەتە ناوەندێکی ترانزێت بۆ دەرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی لە ئەمەریکا.
هەروەها سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویان کردووەتەوە، ئەگەر هەیە ئەمڕۆ چوارشەممە، حکوومەتی کۆستاریکا هاوشێوەی پەنەما گەشتێکی کۆچبەرانی دیپۆرتکراو وەربگرێت.
فرانک ئابرێگۆ، وەزیری ئاسایشی پەنەما ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی وەرگرتنی کۆچبەرانی نێوان پەنەما و ئەمەریکا، ئەو کۆچبەرانە چاودێری پزیشکی و خۆراک وەردەگرن “.
ئێستا حکوومەتی پەنەما ڕەزامەندی دەربڕیوە وەک “ناوەندێک” یان وڵاتێکی ترانزێت بۆ دیپۆرتکراوان مامەڵە بکات، لە کاتێکدا ئەمەریکا هەموو تێچووی ئۆپەراسیۆنەکە لە ئەستۆ دەگرێت، ئەو ڕێککەوتنە لە سەرەتای ئەم مانگەدا دوای سەردانەکەی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جێبەجێ کرا.
خۆسێ ڕائول مۆلینۆ، سەرۆکی پەنەما بەهۆی هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی کەناڵی پەنەما ڕووبەڕووی فشاری سیاسی بووەتەوە، پێنجشەممەی ڕابردوو لەخۆگرتنی یەکەم کاروانی دیپۆرتکردنەوەی ڕاگەیاند.