كارزان گلی – ههولێر
لە شارەوانهەڵبژاردنەکەی ٣١/٣/٢٠٢٤ـدا بۆ یەكەم جار بوو لە دوای ٢٠٠٢، ئاكەپە بووە پارتی دووەم و جەهەپە بووە پارتی یەكەم، كە لە ١٩٧٧ەوە، بۆ یەكەم جارە جەهەپە ببێتە پارتی یەكەم. جەهەپە ٣٧.٨٪ی دەنگەكانی بەدەست هێنا، ئاكەپە ٣٥.٥٪، پارتی سەرلەنوێ رەفاح ٦.٢٪، دەم پارتی ٥.٧٪، مەهەپە ٥٪ و پارتی خاسیش ٣.٨٪ی دەنگەكانی بەدەستهێنا. بەڵام لە دوای ئەو بەروارەوە چەندین شارەوانیی قەیوم كراوە و سەرۆك شارەوانییەكانیش خراونەتە زیندانەوە.
جەهەپە، جگە لەوەی توانی سەرۆكی شارەوانیی (ئیستانبۆڵ، ئەنكەرا و ئیزمیر) بباتەوە، لە كۆی ٨١ شارەوانی، توانی سەرۆكی شارەوانیی ٣٥ شار بباتەوە، هەروەها لە كۆی ١٦ گەورە شارەوانیی، ١٢ی بردەوە.
بەڵام لە دوای هەڵبژاردنی ٢٠٢٤، بۆ یەكەمجار حكوومەتی توركیا سەرۆكی شارەوانیی هەكاری قەیوم كرد، كە سەر بە دەم پارتی بوو.
محەممەد سدیق ئاكش، هاوسەرۆكی شارەوانیی هەكاری قەیوم كرا، لە شوێنی ئەو عەلی چەلیك، والی هەكاری بووە سەرۆكی شارەوانیی. دادگا ئاكشی بە ١٩ ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزادا، بەتۆمەتی ئەوەی پەیوەندی ژێربەژێری لەگەڵ پەكەكەدا هەبووە.
لە ٣٠ی١٠ی٢٠٢٤، ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆكی شارەوانیی ئەسەنیورت لە ئیستانبۆڵ، كە گەورەترین شارەوانیی ئیستانبۆڵە، شارەوانییەكەی قەیوم كرا و بۆ خۆشی خرایە زیندانەوە. لە شوێنی ئەو والی ئیستانبۆڵ، جان ئاكسۆی بووە سەرۆكی شارەوانیی. ئەحمەد ئۆزەر، لەسەر لیستی جەهەپە سەرۆكی شارەوانی بوو، ئەویش بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە پەكەكەیە، خرایە زیندانەوە.
لە ٤ی١١ی٢٠٢٤، ئەحمەد تورك، سەرۆكی شارەوانیی مێردین لەسەر لیستی دەم پارتی، شارەوانییەكەی قەیوم كرا، هەر لە هەمان بەروار، گوڵستان سۆنووك، سەرۆكی شارەوانیی باتمان و محەمەد كەرەیلان، سەرۆكی شارەوانیی حەلفاتی قەیوم كران، كە ئەوانیش سەر بە دەم پارتی بوون.
ئەحمەد تورك، بە تۆمەتی پەكەکەكایەتی، ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر سەپێنرا، بەڵام بەهۆی تەمەن و خراپی رەوشی تەندروستی، سزایەكە جێبەجێ نەكرا. هەروەها سۆنوك و كەرەیلان، بە هەمان تۆمەت سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەر سەپێنرا.
لە ٢٢ی١١ی٢٠٢٤، جەودەت كۆناك، سەرۆكی شارەوانی دەرسیم، لەسەر لیستی دەم پارتی، بەتۆمەتی ئەوەی بەنێهینی هاوكاری پەكەكەی كردووە، بۆیە شارەوانییەكەی قەیوم كرا، هەروەها موستەفا ساریگول، سەرۆكی شارەوانیی ئۆڤاجك، لەسەر لیستی جەهەپە شارەوانییەكەی قەیوم كرا.
لە ٢٩ی ١١ی٢٠٢٤، ئایڤاز هازر، سەرۆكی شارەوانی باخچەسەرای سەر بە شارەوانیی وان، لەسەر لیستی دەم پارتی شارەوانییەكەی قەیوم كرا. جگە لەوەی شارەوانییەكەی قەیوم كرا، بۆ خۆشی هەر بە تۆمەتی ئەوەی پروپاگندەی بۆ پەكەكە كردووە خرایە زیندانەوە.
هەروەها لە ١٣ی١ی٢٠٢٥، هۆشیار ساری یڵدز، سەرۆكی شارەوانیی ناوچەی ئاكدەنیزی سەر بە مێرسین لەسەر لیستی دەم پارتی قەیوم كرا، لە هەمان رۆژ، رەزا ئاكپۆلات، سەرۆكی شارەوانیی بێشكتاش لە ئیستانبۆڵ، لەسەر لیستی جەهەپە قەیوم كرا، یەكەمیان تۆمەتی پەكەكە بوونی درایە پاڵ و زیندانی كرا، دووەمیش بە تۆمەتی ئەوەی گەندەڵی لە چەند پڕۆژەیەكدا كردووە خرایە زیندانەوە.
لە ٢٩ی١ی٢٠٢٥، سۆفیا ئالاغاش، هاوسەرۆكی شارەوانیی سێرتی باكووری كوردستان لەسەر لیستی دەم پارتی شارەوانییەكەی قەیوم كرا، هەروەها تۆمەتی ئەوەی درایە پاڵ، ئەوكاتانەی كاری رۆژنامەنووسی كردووە، پروپاگندەی بۆ پەكەكە كردووە، بۆیە ئەویش خرایە زیندانەوە.
ئەوەی دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، قەیوم كردنی سەرۆكی شارەوانی وان، عەبدوڵا زێدان بوو، كە تاوەكوو ئێستاش لە شارەكانی باكووری كوردستان، چەندین خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت و داوا دەكەن زێدان بگەڕێتەوە سەر كاری خۆی وەكوو سەرۆكی شارەوانیی وان.
زێدان، جگە لەوەی شارەوانییەكەی قەیوم كرا، دادگا بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ ساڵ و نۆ مانگ زیندانی بكرێت، چونكە بەنهێنی سەر بە پەكەكە بووە و كاری بۆ كردوون.
ئەم سیاسەتی قەیومكردنە لە كاتێكدایە حكوومەت دەرگای ئیمیڕالی كردووەتەوە و پرۆسەی پرسی چارەسەری كورد دەست یپێكردووە.