ئەمڕۆ 18ـی شوباتی 2025، کۆتا وادەیە بۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلا، بۆئەوەی هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێننەوە، لەو بارەیەوە گوتەبێژی سەربازی ئیسرائیل ڕایگەیاند بۆ دڵنییابوون لە سنوورەکانیان و سەلامەتیی هاووڵاتیانیان، لە چەند پێگەیەکی ستراتیژی دەمێننەوە.
ناداف شۆشەنی، گوتەبێژی سەربازیی ئیسرائیل لە بارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە باشووری لوبنان و پابەندبوون بە ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵلا ڕایگەیاند “لەباشووری لوبنان لە چەند شوێنێکی دەمێننەوە، بۆئەوی پارێزگاریی لە هاووڵاتییەکانیان بکەن و دڵنیابن لەوەی هێزەکانی لوبنان لە ناوچەکە جێگیر دەکرێن.”
هەروەها ئاماژەشی دا “لەو ناوچانە دەمێننەوە کە لە کۆمەڵگە ئیسرائیلییەکانەوە نزیکە یان ئەو پێگە ستراتیجییانەی چاودێری شارۆچکەکانی باکووری ئیسرائیل دەکەن.”
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە “هێزەکانی ئسرائیل چەند گوندێک لە باشووری لوبنان بەجێ دەهێڵێت، بەڵام لەو شوێنانە دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی لە 1ـی ئاداری 2025 هاووڵاتیانی بە سەلامەتی بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.”
بەهۆی بۆمبارانی باکووری ئیسرائیل لەلایەن حزبوڵلاوە دەیان هەزار کەس باکووری شارەکەیان چۆڵ کردووە؛ لە بەرانبەردا، زیاتر لە ملیۆنێک کەس باشووری لوبنانیان چوڵ کردووە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.
27ی تشرینی دووەمی 2024، ئاگربەستی نێوان حزبوڵلای لوبنان و سوپای ئیسرائیل چووە واری جێبەجێ کردن, بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ لەنێوان هەردوولا بەردەوام دەبێت، دواتر، هێزەکانیان لە باشووری لوبنان بکشێنەوە و سوپای لوبنان لەو ناوچانە جێگیر بکرێن.