بەریتانیا کێلگەیەکی غازی دۆزیوەتەوە کە 250 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت

دۆزینەوەی کێلگەیەکی غاز لە بەریتانیا 140 ملیار دۆلار دەخاتە گەنجینەی حکوومەت و زیاتر لە 250 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت.

بەریتانیا کێڵگەیەکی گەورەی غازی لە شاری لینکۆڵنشایر دۆزیوەتەوە کە هەموو پێداویستییەکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا دابین دەکات، هەروەها بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ، هاوردەکردنی غاز کەم دەکاتەوە و 250 هەزار هەلی کاریش دەڕەخسێنێت و زیاتر لە 140 ملیار دۆلاریش بۆ بەرهەمی ناوخۆیی زیاد دەکات.

کۆمپانیای ئێگدۆن ڕیسۆرس، کە تایبەتمەند و پسپۆڕی گەڕانە، دۆزینەوەی ئەو کێڵگەیەی لە کۆنفرانسی وزەی لینکۆڵنشایر ئاشکرا کرد، کە تێیدا مارک ئەبۆت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، ڕوونکردنەوەی زیاتری لەسەر ئەو کێلگەیە دا. کە 265 کیلۆمەتر لە لەندەنەوە دوورە.

ئابۆت ڕایگەیاند “کۆمپانیای ئێگدۆن ڕیسۆرس، چەند ساڵێکە لێکۆڵینەوەی لەو کێڵگەیەدا کردووە، پاشان ئەنجامەکان لەلایەن جیۆلۆجییە پسپۆڕەکانەوە پشکنینیان بۆ کرا و کۆمپانیای دیلۆیت تاچ تۆهماتسۆ ڕاسپێردرا بۆ شیکردنەوەی کاریگەرییە ئابوورییەکانی پەرەپێدانی کێڵگەکە.”

کۆمپانیای دیلۆیت، مەزەندەی کردووە کە کێلگەی گەینزبۆرۆ دەبێتە هۆی زیادکردنی 140 ملیار دۆلار بۆ گەنجینەی حکوومەت و 34 ملیار دۆلاری دەبێتە باجی ڕاستەوخۆ. هەروەها دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بە ڕێژەی 218 ملیۆن تۆن بە بەراورد بە بەکارهێنانی گازی هاوردەکراو لە نەرویج و قەتەرەوە، کەم دەکاتەوە. یەدەگی کێڵگەکە 480 ملیار مەتر سێجا زیاترە، بەمەش وزەی یەک لەسەر سێی کارەبا دابین دەکات، جگە لە گەرمکردنی ئاوی 25 ملیۆن ماڵ.

بەهۆی ئەوەی پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا بەکارهێنانی غاز کەم ببێتەوە، پێ دەچێت یەدەگەکە بۆ ماوەی 10 ساڵ بەردەوام بێت.