هەڵمەتەکەی دۆناڵد ترەمپ، بەڕاوێژی ئیلۆن ماسک، بەردەوامە و زیاتر لە 9500 کارمەندی لە کارەکانیان دوور خستووەتەوە.
ئەو فەرمانبەرانەی کۆتایی بە کارەکانیان هێنراوە، بریتین لە فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ، وزە، کاروباری سەربازە دێرینەکان، کشتوکاڵ و تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان.
جگە لە دەرکردنی فەرمانبەرەکان، کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە “نزیکەی 75 هەزار فەرمانبەر، پێشنیارەکەی دۆناڵد ترەمپیان قبوڵ کردووە، بۆ ئەوەی خۆبەخشانە دەست لەکار بکێشنەوە. ئەمەش یەکسانە بە نزیکەی 3%ی هێزی کاری مەدەنی لە کۆی 2.3 ملیۆن فەرمانبەر.”
ترەمپ دەڵێت: حکوومەتی فیدراڵی زۆر هەڵئاوساوە و پارەی زۆر بەفیڕۆ دەچێت.
قەرزی حکوومەت نزیکەی 36 ترلیۆن دۆلارە، کورتهێنانەکەی لە ساڵی ڕابردوودا 1.8 تریلیۆن دۆلار بووە، بۆیە هەردوو حزبی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لەسەر چاکسازیی هاوڕان.
هەرچەند دیموکراتەکان لە کۆنگرێس دەڵێن: ترەمپ دەستدرێژیی دەکاتە سەر دەسەڵاتی دەستووری یاسادانان لەسەر خەرجییە فیدراڵیەکان، بەڵام کۆمارییەکان کە زۆرینەی کۆنگرێس پێک دەهێنن، پشتگیریی لەو هەنگاوانە دەکەن.
ڕۆژی هەینی، 14ـی شوباتی 2025، سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاند، دەستەی دارستانەکان، نزیکەی 3400 فەرمانبەری تازە دامەزراو لە کارەکانیان دوور دەخاتەوە، هەروەها دەستەی پارکە نیشتیمانییەکان، نزیکەی 1000 فەرمانبەر لە کارەکانیان دوور دەخاتەوە.