ئاژانسی ناسا ناوی ئەو نۆ وڵاتەی ئاشکرا کرد کە لەوانەیە، لە ساڵی 2032 هەسارۆکەیەکیان بەسەردا بکەوێت.
دەیڤید ڕانکین، زانا و سەرپەرشتی پرۆژەی ‘کاتالینا سکای سێرڤەی’ لە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمەریکی (ناسا) ئەو “ناوچە مەترسیدارە”ـی لەسەر هەسارەی زەوی ئاشکرا کرد کە لەوانەیە ساڵی 2032 هەسارۆکەیەکیان بەسەردا بکەوێتە خوارەوە.
ئەو “ناوچە مەترسیدارە” لە ئەمەریکای باشوورەوە دەست پێ دەکات و تاوەکوو دەریای هێمن، باشووری ئاسیا، دەریای عەرەب و کیشوەری ئەفریقیا درێژ دەبێتەوە و نۆ وڵات دەگرێتەوە.
ئەو نۆ وڵاتەی پێشبینی دەکرێت هەسارۆکەکەیان بەر بکەوێت بریتین لە:
1. فەنزوێلا
2. ئیکوادۆر
3. هیندستان
4. پاکستان
5. بەنگلادیش
6. ئەسیوبیا
7. سوودان
8. نێجیریا
9. کۆلۆمبیا
ئەو زانایەی ئاژانسی ناسا باسی لەوەش کرد، بە وردی نازانرێت هەسارۆکەکە بەر کامە بەشی ئەو نۆ وڵاتە دەکەوێت، چونکە ئەو کات خولانەوەی زەوی، شوێنی پێکدادانەکە دەستنیشان دەکات.
هەسارۆکەکە ناوی “2024 YR4”ـە و ئەگەری پێکدادانی لەگەڵ هەسارەی زەوی، لە ساڵی 2032 واتا حەوت ساڵی دیکە، بۆ 2.3% بەرز بووەتەوە کە پێشتر 1.2% بوو.
پێشبینی دەکرێت تیری هەسارۆکەکە نزیکەی 90 مەتر بێت و دەگوترێت هێندەی پەیکەری ئازادی لە نیویۆرک و کاتژمێری “بیگ بن”ی لەندەن گەورەیە.
بە گوێرەی ناسا، ئەگەر پێکدادانەکە ڕووی دا، تەقینەوەیەک کە 100 جار لە تەقینەوەی بۆمبە ئەتۆمییەکەی هیرۆشیما بەهێزترە، لەسەر زەوی ڕوو دەدات.
ساڵی 1908 هەسارۆکەیەک بە ناوی “تونگوسکا” کە تیرەکەی نزیکەی 90 مەتر بوو، بەر ناوچەی سیبیریای ڕووسیا کەوت و زیاتر لە دوو هەزار و 150 کیلۆمەتر چوارگۆشەی دارستانەکانی لەناو برد.