شای ئوردن بۆ ماکرۆن: ڕاگواستنی فەڵەستینییەکان لە غەززە ڕەت دەکەینەوە

شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە پێشهاتەکانی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا کرد.

لە میانی گفتوگۆکانیاندا پاشای ئوردن جەختی لە هەڵوێستی ئوردن کردەوە، هەرچەشنە هەوڵێک بۆ لکاندنی زەوی و زار و ڕاگواستنی فەڵەستینییەکان لە غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا ڕەت دەکاتەوە، جەختیشی لەسەر پێویستی دامەزراندنی فەڵەستینییەکان لەسەر خاکەکەیان کرد.

ئاژانسی هەواڵی ئوردنی، “پترا” ڕایگەیاند، پاشای ئوردن “ئەو هەڵوێستەی فەرەنسای بەرز نرخاندووە کە ماکرۆن دەریبڕیوە، بۆ ڕێزگرتن لە فەڵەستینییەکان و خواستەکانیان و خواستی وڵاتانی دراوسێیان”.

شای ئوردن ئاماژەی بە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەردەوامبوونی ئاگربەست لە غەززە و بەرزکردنەوەی وەڵامدانەوەی مرۆیی کرد و هۆشداریدا لە پێویستی ڕاگرتنی ڕێوشوێنەکانی نیشتەجێبوون، هۆشداریشیدا لە “مەترسی پەرەسەندنی بەردەوامی کەرتی ڕۆژئاوا و قودس”.

شا عەبدوڵلای دووەم، داواشی کرد کارێکی کاریگەر بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمەلایەنە لەسەر بنەمای چارەی دوو دەوڵەتی، کە ببێتە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین لەسەر هێڵەکانی 4ـی حوزەیرانی 1967 و قودسی ڕۆژهەڵات وەک پایتەختی وڵاتەکەی”.