تایوان.. تەقینەوەیەکی بەهێز مۆڵێکی بازرگانی هەژاند

تەقینەوەیەکی بەهێز مۆڵێکی بازرگانی لە شارۆچکەی سیتون تایچۆنگ لە تایوان هەژاند و لە ئەنجامدا کەسێک مرد و نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە باری تەندروستی دوو کەسیان ناجێگیرە.

بەپێی میدیا ناوخۆییەکان، تەقینەوەکە، لە مۆڵی بازرگانی شین کۆنگ میتسوکۆشی یۆنگکانگ، لە کاتژمێر 11ـی بەیانی بە کاتی تایوان ڕووی داوە.

بەگوتەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاگرکوژێنەوەی تایچۆنگ، تەقینەوەکە لە نهۆمی 12ـی باڵەخانەکە ڕووی داوە.

تیمەکانی فریاگوزاری مردنی پیاوێکیان لە شوێنی ڕووداوەکە پشتڕاست کردەوە، لەگەڵ برینداربوونی چەند کەسێک دیکە هەروەها ڕاشیانگەیاند، دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن .

پۆلیسی ناوخۆیی و دەزگاکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردن بۆ زانینی هۆکاری ڕووداوەکە.