ترەمپ: ئەمڕۆ لەگەڵ شای ئوردن کۆ دەبمەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ شا عەبدوڵلای دووەم شای ئوردن کۆ دەبێتەوە و پرسی وەرگرتنی فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە تاوتوێ دەکات.

ترەمپ لە میانی ئیمزا کردنی ژمارەیەک فەرمانی جێبەجێکردن، لە کۆشکی سپی گوتی: لەگەڵ شای ئوردن کۆ دەبمەوە، و باوەڕم وایە ئەو ڕێککەوتنەکە سەردەگرێت و ئوردن فەڵەستینییەکان وەردەگرێت.

شا عەبدوڵڵا ڕایگەیاند، هەر هەنگاوێک بۆ لکاندنی زەوییەکان و ڕاگواستنی فەڵەستینییەکان بێت، ڕەتی دەکاتەوە.

بڕیارە لە میانی دیدارەکەدا بە ترەمپ بڵێت “هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانێت هاندەری توندڕەوی و بڵاوکردنەوەی پشێوی لە ناوچەکەدا بێت و ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە و مەترسیی لەسەر خودی مانەوەی وڵاتەکە دروست بکات.”

پێشتر، ترەمپ پێشنیاری کردبوو ئەمەریکا کۆنترۆڵی غەززە لە ئیسرائیل بکات و “نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” بگۆڕێت، دوای گواستنەوەی فەلەستینییەکان بۆ میسر و ئوردن.

لای خۆیەوە میسر بە فەرمی ئەم پێشنیازەی ڕەت کردەوە.

ڕۆژی دووشەممە، بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ مارک ڕوبیۆ، هاوتا ئەمەریکییەکەی لە واشنتن، هەڵوێستی میسری سەبارەت بە پرسی فەڵەستین پشتڕاست کردەوە.

ناوبراو، جەختی له سەر پێویستی به دیهێنانی خواسته ڕەواکانی گەلی فەڵەستین کردەوە، دیاریترنیشیان دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە لەسەر خاکی نەتەوەیی خۆی.

ڕۆژی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025،  ئاگربەستەکەی غەززە بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و ئەمەریکا، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە ماوەکەی 42 ڕۆژ دەبێت، دانوستانەکان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و دواتر قۆناغی سێیەم.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست، تاوەکوو ئێستە 21 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانیی ژێر دەستی حەماس و 783 زیندانی فەڵەستینی لەنێو زیندانەکانی ئیسرائیلدا ئازاد کراون. هاوکات شەڕ ڕاگیراوە و سەدان بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی گەیەنراونەتەوە کەرتەکە.