تیمەکانی فریاگوزاری مانگی سووری پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای هەوڵ و ماندوو بوونێکی حەوت کاتژمێری، توانیان خێزانێکی پێنج کەسی لەنێو بەفر و زریان ڕزگار بکەن.
محەممەد باقر محەممەدی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی مانگی سوور لە پارێزگای کرماشان، ڕایگەیاندووە، شەوی ڕابردوو بە تەلەفۆن، لە گیرخواردنی خێزانێکی پێنج کەسی لە ناوچەی دورود فەرامان ئاگادار کراونەتەوە.
هەروەها ئاماژەی داوە “دوای هەوڵ و کۆششێکی حەوت کاتژمێری توانرا خێزانەکە ڕزگار بکەن، کە لە دوو پیاو و ئافرەتێک و دوو منداڵ پێکهاتبوون و لە نێو ئۆتۆمبێلێکی تایبەتیی جۆری پەیکان لە ڕێگەدا گیریان خواردبوو، بەهۆی ئەوەی بەفرێکی زۆر باریوە و ڕێگەکان داخرابوون.
هەر بەهۆی سەرما و خراپیی کەشوهەواوە بە بڕیاری پارێزگاری کرماشان، ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی شوباتی 2025، خوێندن لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بە ئۆنلاین دەبێت، هاوکات جگە لە ناوەندە تەندروستییەکان، لە سەرجەم فەرمانگە و بانکەکاندا پشووی فەرمییە.