بەگوێرەی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان، لانیکەم لەم وەرزەدا 24 ملیۆن حاڵەتی تووشبوونی ئەنفلەوەنزا لە ئەمەریکا تۆمار کراوە، هەروەها 310 هەزاریان لە نەخۆشخانە خەوێنراون لەو ڕێژەیەش 13 هەزار کەسیان مردوون.
پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ خراپترین وەرزی ئەنفلەوەنزاکە بێت لە ئەمەریکا، کە لە هەر 100 هەزار کەس، نزیکەی 64 نەخۆش لە نەخۆشخانە خەوێنراون، ئەمەش بەبەرزترین ڕێژەی توشبوون دادەنرێت لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا.
ڕێژەی بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزا لە هەموو ویلایەتەکانی ئەمەریکا جگە لە شەش ویلایەت، زۆر بەرزە. هەروەها ئەنفلەوەنزا تاکە نەخۆشیی نییە کە لە ئەمەریکا بڵاو دەبێتەوە، بەڵکو لە پشکنینی ئاویش دەرکەوتووە کە ئاوەکەیان جۆرە ڤایرۆسێکی تێدایە دەبێتە هۆی نەخۆشی کۆڤید-19.
شارەزایان دەڵێن، ئەو کەسانەی پشکنینی ڤایرۆسی کۆڤید-19 یان ئەنفلەوەنزایان پۆزەتیڤ بووە، پێویستە تا دەتوانن خۆیان دووربخەنەوە، واتە خۆیان (کەرەنتینە) بکەن، ئەمەش بۆ پاراستنی ئازیزانیانە، هەروەها پەیوەندیی بە پزیشکەکەیانەوە بکەن.
دکتۆر سارا نوسال، پزیشکی چاودێریی سەرەتایی لە شاری برۆنکس لە ویلایەتی نیویۆرک، جەخت لەسەر کەرەنتینە دەکاتەوە بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.
دکتۆر ویلیام شافنەر، پسپۆڕی نەخۆشییە تووشبووەکان لە سەنتەری پزیشکی زانکۆی ڤاندەربیڵت گوتی: ئێستا بەشی فریاکەوتن پڕە لەو کەسانەی کە کۆئەندامی هەناسەدانیان هەوی کردووە، زۆربەیان تووشی ئەنفلەوەنزا بوون.
ئەنفلەوەنزای وەرزی لە ئەمەریکا، بە شێوەیەکی گشتی لە مانگی ئۆکتۆبەر تا ئایار بەردەوام دەبێت، هەروەها بەرهەمهێنەرانی دەرمان نزیکەی شەش مانگیان دەوێت بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا.