سبەینێ ئەحمەد شەرع سەردانی تورکیا دەکات

سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بڵاویکردووەتەوە، سبەینێ سێشەممە 4ی شوباتی 2025. ئەحمەد شەرع سەرۆکی نوێی سووریا سەردانی ئەنقەرە دەکات.

فەخرەدین ئاڵتوون، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، سبەینێ سەرۆکی نوێی سووریا دەگاتە ئەنقەرە.

هەروەها ئاماژەی داوە، سەردانەکەی شەرع لەسەر بانگهێشتنامەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیایە و دوا پێشهاتەکانی سووریا لە هەموو ڕەهەندێکەوە تاوتوێ دەکرێن، بە تایبەت بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری و سەقامگیریی و ئاسایشی سووریا.

هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاڵتون بڵاوی کردووەتەوە، لە دیداری ئەردۆغان و شەرع، جەخت لەسەر پشتیوانییەکانی تورکیا بە حکوومەتی ڕاگوزەر و گەلی سووریا دەکرێتەوە.

ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ تورکیا و دووەمین سەردان بۆ دەرەوەی وڵات لەوەتەی بە سەرۆکی نوێی سووریا دانراوە.

یەکەم سەردانی دوێنێ یەکشەممە بوو بۆ سعوودیە کە بە یاوەریی ئەحمەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە چوونە ڕیاز و لەگەڵ محەممەد بن سەلمان دیداری تایبەتیان هەبوو لەسەر قۆناغی داهاتووی سووریا.