ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی شوباتی 2025، کابینەی حکوومەتی تورکیا، بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆ دەبێتەوە و چەند تەوەرێکی تایبەت بە ڕۆژەڤ تاوتوێ دەکات.
میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا ڕووبەرووبوونەوەی تیرۆر، قۆناغی نوێی سووریا، ئاگربەستی غەززە، پێشهاتە ئابوورییەکان و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی سووتانی هۆتێلەکەی بۆڵو دەخرێنە بەرباس.
دوێنێ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند “پێویستە ئەمنییەتی سووریا بەتەواوی بەرقەرار بێت، دەبێت گرووپە چەکدارەکان بخرێنە نێو هەیکەلییەتی سوپای نیشتیمانیی سووریاوە، هەروەها چاودێریی هەنگاوەکانی ئیدارەی نوێی سووریا بەرامبەر یەپەگە و پەکەکە دەکەن، وەکو تورکیا ڕێگە نادەن تیرۆر لە سووریا بەردەوام بێت.”
لەلایەکی دیکەوە دەزگای هەواڵگری تورکیا ‘میت’ ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ڕۆژئاوای کوردستان، مەحموود ئاغجا، کە بەناو بەرپرسی هەواڵگریی گرووپی چەکداری پەکەکە و یەپەگە بووە لە کۆبانێ، کوژراوە. ئەمە لەکاتێکدایە لەنوێترین لێدوانیدا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتوویەتی: ئێستا گفتوگانی ئیدارەی نوێی سووریا لەگەڵ یەپەگە بەردەوامە، هیوادارن بەبێ خوێنڕشتن کێشەکە چارە بکرێت.