رەنگە دەرگای ئیمیرالی دابخرێت؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، شاندی دەم پارتی دوو جار سەردانی ئیمیرالییان كرد و چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان كەوت، بەرپرسانی حكوومی و خودی دەوڵەت باخچەلی، چاوەڕێ بوو كە ئۆجەلان داوا بكات پەكەكە چەك دابنێت، بەڵام لەسەر زاری شاندی دەم پارتی، ئۆجەلان گوتبووی، بەردەوامە لە كاركردن بۆ بەرەوپێشچوونی پرسی چارەسەری كورد، پێویستی بە كاتی زیاترە، كەواتە ئۆجەلان داوای لە پەكەكە نەكردووە چەك دابنێن.

میدیاكانی توركیا، باسیان لەوە كرد، لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، شاندی دەم پارتی بۆ جاری سێیەم دەچێتەوە ئیمیرالی و رەنگە لەو كاتەدا ئۆجەلان، بە فەرمی داوا لە پەكەكە بكات چەك دابنێت و ئیدی توركیا بەجێ بهێڵن.

بەڵام عومەر چەلیك، وتەبێژی ئاكەپە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: ”شاندی دەم پارتی بۆ جاری سێیەم ناچنەوە ئیمیرالی و ئیدی دەرگای ئیمیرالی داخرا.“

ئەم گوتەیەی چەلیك، هەموو ئەو كەسانەی بێئومێد كرد كە وایان پێشبینی دەکرد ئەمجارەیان پرسی چارەسەری كورد بگاتە ئەنجام و هەروەها، ئیدی پەكەكە چەك دادەنێت و توركیا جێ دەهێڵێت.
ئەگەر بە وردی بۆچوون و گوتەكانی ئۆجەلان شی بكەینەوە، كە شاندی دەم پارتی بڵاویان كردەوە، ئەوەی ئۆجەلان داوای دەكات، بەر لەوەی زیندانیش بكرێت داوای كردووە، بۆ نموونە باس لەوە دەكات توركیا بەرەو دیموكراتی بچێت و پرسی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا گفتوگۆی لەسەر بكرێت و یاسای بۆ دەربچێت، بۆیە ئەگەر گوتەكەی چەلیك راست بێت و دەرگای ئیمیرالی دابخرێت، بەو مانایە دێت كە ئومێدیان بە ئۆجەلان نەماوە داوا لە پەكەكە بكات چەك فڕێ بدات.

ئاكەپە و مەهەپە، ئامادەكاری تەواویان كردووە تا دەستووری توركیا هەموار بكرێتەوە، لەو رێگەیەوە دەیانەوێت رێگە بۆ رەجەب تەییب ئەردۆغان خۆش بكەن، تا دوو خولی تر بتوانێت خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بەربژێر بكات، چونكە بەگوێرەی دەستووری توركیا، هەر كەسێك بۆی هەیە دووجار خۆی بەربژێر بكات. بەڵام دەنگی ئاكەپە و مەهەپە، بەشی ئەوە ناكات لەناو پەرلەمانی توركیا دەستوور هەموار بكەنەوە، پێویستیان بە ٥٠ پەرلەمانتاری هەیە تا بە بەڵێ دەنگ بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری بدات، دەم پارتیش باشترین بژاردە و پارتە، كە ئاكەپە و مەهەپە لە دەرگای بدەن و داوایان لێ بكەن پاڵپشتیان بن لەوەی دەستوور هەموار بكرێتەوە.
پێشبینییەكان بۆ ئەوە بوون، دەم پارتی پاڵپشتی هەمواری دەستوور بكات، لە بەرامبەردا ئاكەپە و مەهەپە، لە دەستووری تازەدا كورد وەكوو نەتەوە بناسێنن، هەروەها رێگە بدەن كورد بەزمانی دایك بخوێنێت و ئۆجەلانیش ئازاد بكرێت، بەڵام ئازادكردنێكی سنووردار و بگوازرێتەوە بۆ خانوویەك و لەلایەن پۆلیسەوە چاودێری بكرێت.

مەرجێكی تری ئەردۆغان و باخچەلی ئەوەیە، پەكەكە چەك فڕێ بدات و بەیەكجاری توركیا بەجێبهێڵێت، ئەمەش دەبێتە سەركەوتنێكی گەورە بۆ ئاكەپە و رەنگە لە هەڵبژاردنی داهاتوو وەكوو كارتێكی گرنگ بۆ پروپاگندە بەكاری بهێنن.
رۆژنامەی (قەرار)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئۆجەلان بەو مەرجە داوا لە پەكەكە دەكات چەك فڕێ بدات، توركیاش دان بە یەپەگەدا بنێت لە سووریا، واتە پەكەكە بچێتە ناو یەپەگە و لەژێر ناوێكی تردا بوونیان هەبێت و توركیاش چاوپۆشیان لێ بكات.

ئۆجەلان، لە ٢٠١٣شدا پەیامێكی لە نەورۆزدا لەرێگەی سری سوورەیا ئۆندەر بڵاوكردەوە و لەوێ داوای كرد ئاشتی جێگەی شەڕ بگرێتەوە و هەروەها داوای كرد پەكەكە چەك فڕێ بدات، بەڵام وەكوو ئەوەی شڕۆڤەكاران باسی دەكەن، ئۆجەلان فێڵی لە حكوومەتی توركیا كردووە، چونكە بڕیاری شەڕی خەندەق لە باكووری كوردستان ئۆجەلان داویەتی، تا لەو رێگەیەوە هێزێكی زۆری پەكەكە بگوازرێنەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان و لەوێ شوێنی خۆیان توند بكەن، بۆیە ئەگەر ئەمجارەش بڕیار بدات پەكەكە چەك فڕێ بدات، دەبێت توركیا دان بە رۆژئاوای كوردستاندا بنێت.

سیاسەتی قەیوم لە توركیا بەردەوامە و تاوەكوو ئێستا زیاتر لە چوار شارەوانیی دەم پارتی قەیوم كراوە، ئەگەر گوتەی چەلیكیش بچێتە بواری جێبەجێكردن، كەواتە شتێك نامێنێت بەناوی پرسی چارەسەری و ئیدی دەگەڕێنەوە بۆ خاڵی سفر.
بەڵام ئەگەر دەرگای ئیمیرالی بۆ جاری سێیەم و چوارم بۆ شاندی دەم پارتی بكرێتەوە، رەنگە ئەنجامێكی باشی هەبێت، كە كاریگەری لەسەر هەمواری دەستووری توركیاش دەبێت و رەنگە ئیدی دوای ١٠٠ ساڵ نكۆڵیكردن لە نەتەوەی كورد لە توركیا، بە فەرمی بیناسێنن و لە پاڵ نەتەوەی تورك، دان بەوەشدا بنێن کە توركیا نەتەوەی كوردیشی لێ هەیە.