كارزان گلی – ههولێر
پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، ئامادەكاری دەكات بۆ دیاریكردنی كەسێك وەكوو بەربژێری پارتەكەیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی كۆماریی توركیا، ئەم ئامادەكارییەش لە ماوەی سێ مانگدا كۆتایی پێ دێت.
جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، بە سەرۆكایەتیی ئۆزگوور ئۆزەل، ئامادەكارییەكانیان بۆ دیاریكردنی بەربژێری سەرۆكایەتیی دەستپێكردووە، بەڵام گفتوگۆی چڕ لەناو پارتدا دەسپێكردووە لەبارەی ئەوەی كێ دەبێتە بەربژێر؟
ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە لە وتارێكدا ئاشكرای كرد، لە نێوان ١ملیۆن و ٦٠٠هەزار ئەندامی پارتەكەیان، هەڵبژاردن دەكەن و ئەو ئەندامانە دیاری دەكەن كە كێ ببێتە بەربژێری جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.
ئەگەرچی هەڵبژاردن زۆری ماوە، بەڵام لە ئەنكەرا باس لەوە دەكرێت لە سەرەتای ٢٠٢٧ توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، جیا لەوەش میدیاكانی توركیا باس لەوە دەكەن، جەهەپە بۆ پارێزگاریكردن لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، كە چەندین دۆسییەی لەسەر كراوەتەوە لە دادگا و مەترسی هەیە دەستگیری بكەن، دەیكەنە بەربژێر و بەمەش دەتوانرێت لە دادگا بپارێزرێت.
بەڵام بەربژێربوونی ئیمامئۆغڵو ئەوەندە ئاسان نییە، چونكە مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی شارەوانیی ئەنكەرا، چاوی لەوەیە ببێتە بەربژێر و ركابەری ئیمامئۆغڵوە.
ئیمامئۆغلو، سێ دۆسیەی لە دادگا لەسەر كراوەتەوە، ئەگەر زۆرە لەسەر یەكێك لەو دۆسیانە سزای زیندانی بەسەردا بسەپێنرێت و هەروەها قەدەغەی سیاسەتیشی لەسەر جێبەجێ بكرێت، بۆیە جەهەپە بەخۆی كەوتووە و دەیەوێت لەرێگەی دیاریكردنی بەربژێرەوە، رووبەڕووی ئاكەپە و مەهەپە ببێتەوە.
ئیبراهیم ئوسلو، لێكۆڵەر و سیاسەتمەدار، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”ئەم بڕیارەی جەهەپە هەڵەیە، نابێت بەو پەلەییە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی دیاری بكەن. روونە ئامانج لەو پەلەییەی جەهەپە، پارێزگاریكردنە لە ئیمامئۆغڵو، چونكە ترسیان هەیە قەدەغەی سیاسەتی لەسەر جێبەجێ بكرێت.“
رەنگە بنكەی جاماوەری جەهەپەش نیگەران بن بەم هەنگاوەی جەهەپە، چونكە لە كاتێكی زۆر زوودا باس لە بەربژێر دەكەن، ئەمەش وا دەكات ئەو هەستەیان لا دروست بێت، لەناو پارتدا نیگەرانیی و كێشە هەیە، بۆیە بەو پەلەییە بەربژێر دیاری دەكەن.
كێ زیاتر شانسی بەربژێری هەیە ئیمامئۆغڵو یان یاڤاش؟
راستە ئیمامئۆغڵو، لەلای دەنگدەری جەهەپە زۆر قبوڵكراوە، تەنانەت هەموو ئەو سەركەوتنانەی جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا بەدەستی هێنا، بەشێكی زۆری بەهۆی ئیمامئۆغڵوەوە بوو، بەڵام مەنسوور یاڤاشیش، كە سەرۆكی شارەوانیی ئەنكەرایە، بەهەموو توانای خۆیەوە كار دەكات تا ببێتە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی. پرسیارەكە ئەوەیە، ئەگەر هەردووكیان بچنە ناو كێبڕكێوە كێ دەیباتەوە و دەبێتە بەربژێر؟
بەگوێرەی بۆچوونی موراد كاران، سەرۆكی دەزگای لێكۆڵینەوەی (AREA) لە توركیا، لەناو بنكەی جەماوەری جەهەپەدا، ئیمامئۆغڵو ٤٥٪ی دەنگەكان دەهێنێت و یاڤاشیش ٣٥٪، بەڵام لە هەڵبژاردنی گشتیدا، شانسی بردنەوەی یاڤاش باشترە.
واتە ئەگەر جەهەپە بیەوێت هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بباتەوە، دەبێت یاڤاش بەربژێر بكات، چونكە جیا لە جەهەپە، پارتەكانی تری ئۆپۆزسیۆنیش دەنگی پێدەدەن.
بەڵام كاران بیری چووە، كە بنكەی جەماوەری دەم پارتی و دەنگدەری كورد، بەهەموو شێوەیەك یاڤاش رەتدەكەنەوە و خۆشەویستیان بۆ ئیمامئۆغڵو هەیە، چونكە یاڤاش پێشتر مەهەپە بووە و هەروەها وتاری زۆر توندی بەرامبەر بە كورد داوە.
بۆیە بەگوێرەی بۆچوونی بەشێكی زۆری شڕۆڤەكاران، بەربژێربوونی ئیمامئۆغڵو بەو واتایە دێت، كە دەنگدەری كورد لە باكووری كوردستان، بەلای خۆیان رابكێشن، تەنانەت سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، لەگەڵ ئەوەدایە پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو بكرێت و زۆر لە یەكترییەوە نزیكن.
ئەگەر بێت و دەم پارتی، لە چوارچێوەی پرسی چارەسەریدا نەچێتە پاڵ هاوپەیمانیی (كۆماری)، كە لە نێوان ئاكەپە و مەهەپەدا دروست بووە، بەربژێر بوونی ئیمامئۆغڵو، بەو واتایە دێت بەربژێری دەم پارتیشە، چونكە كەسێكە كوردانی باكوور قبووڵیانە.