بڕیارە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، بەڕێژەی 25٪ باج بەسەر هەر یەک لە کەنەدا و مەکسیک و 10٪ باج بەسەر چین ڕابگەینێت.
میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردووتەوە، شەممە، 1ـی شووباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بڕیاری سەپاندنی باجی نوێ بەسەر چین، کەنەدا و مەکسیکدا ڕادەگەینێت، کە باجەکانیش کەرتی فراوان دەگرێتەوە کە لە ئۆتۆمبیل و سووتەمەنی تا پێدوایستییە دابینکراوەکانی دیکە، ئەمەش نیگەرانییەکانی بۆ زیادکردنی هەڵاوسانی ئابووری زیاتر کردووە.
دۆناڵد ترەمپ، بەڵێنی دابوو کە 25٪ باج بەسەر هەر یەک لە کەنەدا و مەکسێک بەسپێنێت، بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە ڕێگریی لەو کۆچبەرە نایاساییەنە بکەن کە لە وڵاتەکانیانەوە بەرەو ئەمەریکا دێن.
هەروەها ترەمپ ڕاشیگەیاندبوو “بە ڕێژەی 10٪ باج بەسەر چیندا دەسەپێنێت، بە بیانوی ئەوەی ڕۆڵی هەیە لە دروست کردنی دەرمانی فێنتایەل (Fentanyl) کە دەرمانێکی ئازار شکێنی بەهێز و بێهۆشکەرە.”
ترەمپ ئاماژەی دابوو “ئەمەریکا لە کورتهێنان دایە لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە، ئەمەش دەبێت چارە بکرێت.”
لە بەرانبەردا جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیری کەنەدا ڕایگەیاند “دەستبەجێ و بە توندی وەڵاممان دەبێت، ئەگەر ئەمەریکا باجەکان بسەپێنێت.”
هەروەها سەرۆک وەزیرانی کەنەدا هۆشداریی دایە هاووڵاتیانی و گوتی: بەهۆی ئەو ڕووداوانەی ئەم دواییە، ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی کاتێکی سەخت ببنەوە.”
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێشتریش گوتبووی: باجی زیاتر بەسەر وڵاتان دەسەپێنێت، کە بەرهەمە ئەورووپاییەکان وەک پۆڵا، ئەلەمنیۆم، مس و دەرمانی وڵاتانی دیکەش دەگرێتەوە.”