سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا و جێگرەکەی سوێندی یاسایی دەخۆن، دەچنە کۆشکی سپی و بە شێوەیەکی فەرمی دەست بە کار دەبن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20-01-2025، نزیکەی کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ بە کاتی واشنتن (کاتژمێر 08:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر) لە ڕێوڕەسمێکی گەورە و تایبەتدا، دۆناڵد ترەمپ، وەکوو 47ـەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە واشنتنی پایتەخت سوێندی یاسایی دەخوات. بێجگە لە ترەمپ، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراویش سوێندنی یاسایی دەخوات و هەردووكیان بە شێوەیەکی فەرمی دەست بە کار دەبن.
رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا و جێگرەکەی، بە بەشداریی دەیان سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان، کەسایەتی و بازرگانە بەناوبانگەکانی جیهان؛ لەنێو باڵەخانەی کۆنگرێس بەڕێوە دەچێت.
سەرەتا ترەمپ و جەی دی ڤانس دەچنە کەنیسەی سەینت جۆن لە واشنتن و لە چەند ڕێوڕەسمێکی ئایینیدا بەشدار دەبن. داوتر دەچنە باڵەخانەی کۆنگرێس و لەوێ سوێندی یاسایی دەخۆن. دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمی سوێندخواردنەکە، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا و جێگرەکەی، دەچنە کۆشکی سپی و بە شێوەیەکی فەرمی دەست بە کار دەبن.
بەشێک لەو سەرکردە و بەرپرسانەی بەشدارییان یەکلایی بووەتەوە:
1. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.
2. نوێنەری تایبەتی شی جینپینگ، سەرۆکی چین.
3. تاکیشی ئیوایا، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن.
4. سوبرەمانیام جایشانکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان.
5. باڵیۆزی وڵاتان لە ئەمەریکا.
6. سەرۆکانی پێشووتری ئەمەریکا.
7. تریفە عەزیز، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا.
تاوەکوو ئێستە، لیژنەی سەرپەرشتیکردنی ڕێوڕەسمەکە و کۆشکی سپی؛ بەشداریی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و هیچ بەرپرسێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
لەبارەی هاووڵاتییانی سڤیلیش، پێشبینی دەکرێت سەرووی 200 هەزار کەسی ئاسایی بەشداری لەو ڕێوڕەسمەکەدا بکەن، بەڵام دەبێت بلیت بکڕن کە نرخەکەی نزیکەی 500 دۆلارە.
تێچووی رێوڕەسمەکە لەلایەن لیژنەی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپەوە سەرپەرشتی دەکرێت، مەزندە دەکرێت لیژنەکە تا ئێستە زیاتر لە 170 ملیۆن دۆلاری بۆ رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی ترەمپ کۆکردبێتەوە و ژمارەیەکی پێوانەیی لە مێژووی ئەمەریکا تۆمار کردووە.
رۆژی سێشەممە 05-11-2024، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە چوو، دۆناڵد ترەمپ توانی دەنگی 292 نوێنەر مسۆگەر بکات و بیباتەوە، لە بەرانبەردا هاریس 223 نوێنەری بردەوە و نەیتوانی بباتەوە.