جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: ئاوەدانکردنەوەی لۆس ئەنجلس پێویستی بە دەیان ملیار دۆلارە، لە کاتێکدا هێشتا بەڕێوەبەرایەتیی ئاگرکوژێنەوەی شارەکە نەیتوانیوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکات.
دەربارەی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس، ڕۆژی دووشەممە، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند “دوای کوژاندنەوەی ئاگرە گەورەکەی لۆس ئەنجلس، ئاوەدانکردنەوەی شارەکە پێویستی بە دەیان ملیار دۆلار دەبێت.”
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد “گەورەترین شارەکانی کالیفۆرنیا خۆیان بۆ بایەکی بەهێز ئامادە دەکەن، کە مەترسی زیاتر بوونی ئاگرەکەی لێ دەکرێت.”
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی ئاگرکوژێنەوەی شاری لۆس ئەنجلس ڕایگەیاند، بەهۆی خێرایی باوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە، کە پێشبینی دەکرێت تا ڕۆژی چوارشەممە ئەو بایە بەردەوام بێت.” گوتیشی: “هەوڵەکانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاریی دوو هێندە زیادیان کردووە. هەروەها ئاگرکوژێنەوەکانی ئەمەریکا لە هەشت وڵاتی دیکەوە پاڵپشتیی وەردەگرن.
بەپێی زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی لۆس ئەنجلس، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان سپاردووە، گەیشتووەتە 24 کەس و 16 کەسیش بزر بوونە.