کۆشکی سپی هۆشداری دەداتە ڕووسیا لە گواستنەوەی شەڕ بۆ ئەمەریکا

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردەوە، یاریدەدەرانی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، هۆشدارییان داوەتە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لەوەی بەنیازی گواستنەوەی شەڕی ئۆکرانیایە بۆ ئەمەریکا.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە ژووری ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا، یاریدەدەرانی جۆو بایدن چاودێریی گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی باڵای دەزگای هەواڵگریی سەربازی ڕووسیا، ‘G.R.U.’یان کردووە، گفتوگۆیەکی ڕووسەکانیان ئاشکرا کردووە کە باسیان لە سووتاندنی بارێکی نێردراو بۆ ئەمەریکا کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ژووری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی  ڕووسیا گفتوگۆ دەربارەی دانانی ماددە سووتێنەرەکان لە نێو باری ئەو فڕۆکانەی دەچنە ئەمەریکا و کەنەدا، کراوە؛ کە ڕەنگە دوای دابەزاندنیان، ئەو ماددانە ببنە هۆی ئاگرکەوتنەوە.

بەرپرسانی کۆشکی سپی دڵنیا نەبوون کە ئایا پوتین فەرمانی ئەم پلانەی داوە، یان زانیاریی لەسەر ئەم پلانە هەیە.

بەرپرسێکی باڵا بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، چەند ڕێگەیەک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بگاتە پوتین.

لە هۆشدارییەکەدا هاتووە، ئەگەر ئەو کارە تێکدەرانەی ڕووسیا ببێتە هۆی کوژرانی بەکۆمەڵ چ لە ئاسمان یان لە زەوی، ئەوە ئەمەریکا ڕووسیا بە تیرۆر تۆمەتبار دەکات.