ئەردۆغان لە ئامەد گومانەكانی لەبارەی پرسی چارەسەریی كورد رەواندەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە ئامەدی باكووری كوردستان، باسی لە پرسی چارەسەریی كورد كرد و ئاماژەی دا، بۆ ئەوەی تا هەتایە تیرۆر لە توركیا كۆتایی پێ بێت، پەنجەرەیەكی گرنگ و هەلێكی ترمان كردووەتەوە، بۆیە نابێت ئەم هەلە لەدەست بدەین.

لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمرالییان كرد و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە كۆ بوونەوە، پاشان پەیامی ئۆجەلانیان بۆ رای گشتی توركیا و پارتە سیاسییەكان روون كردەوە.
ئەردۆغان، لە كۆنگرەی لقی پارتەكەی لە ئامەد، وتارێكی پێشكەش كرد و لەوێدا پشتگیری خۆی بۆ هەوڵی پرسی چارەسەری دەربڕی، بەو مەرجەی تیرۆر، كە مەبەستی پەكەكەیە لە توركیا بەتەواوی كۆتایی پێ بێت.
ئەردۆغان لە وتارەكەیدا گوتی: ”یەكێك لە لەمپەرە هەرە گەورەكانی بەردەم بەهێزی و گەورەیی توركیا، هەروەها نەگەیشتن بە ئامانجەكەی پەكەكەیە، بۆیە دەبێت بەبێ هیچ مەرجێك چەك فڕی بدەن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە. نیو سەدەیە ئازار دەچێژین، ئیدی كاتی هاتووە بڵێین بەسە و كاتی هاتووە قسەی تازە بكەین.“
ئەردۆغان لە وتارەكەیدا، باسی لەوە كرد، كە مەبەستیان لەوە نییە كورد پاکتاو بكەن، نەخێر ئەوان تەنیا مەبەستیانە پەكەكە پاکتاو بكەن و چەك دابنێن. هەروەها باسی لەوە كرد، لە ماوەی ٢٢ ساڵی تەمەنی ئاكەپەدا، توانیویانە چاكسازی لە زۆر شتدا بكەن و بە بێدەنگی چەندین كێشەیان كۆتایی پێ هێناوە.
ئەردۆغان بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ، پەكەكەی تۆمەتبار كرد، بەوەی پشتی خۆیان بە چەند وڵاتێكەوە بەستووە، بەڵام هەڕەشەی كرد كە پشتی خۆیان بە كام وڵات دەبەسن با بیبەسن، ئیدی هیچ گروپێكی تیرۆریستی شانسی ئەوەی نییە لە كۆماری توركیادا هەبێت.
گوتەكانی ئەردۆغان، بەو مانایە دێت، كە توركیا دەیەوێت قسەی تازەی هەبێت لە بارەی بوونی پەكەكە و پرسی چارەسەریی كورد، بەڵام گفتوگۆكان بەردەوامن و ئاشكرایە كرانەوەی دەرگای ئیمرالی بەردەوام دەبێت و دانوستان بۆ چۆنیەتیی چارەسەركردنی پرسی كورد لە توركیا بەردەوام دەبێت.
رۆژیسێر گیرەسۆن، شرۆڤەكاری سیاسی، پێیوایە گوتەكانی ئەردۆغان لە ئامەد ئەوەی دەرخست، كە ئەویش بەشێوەیەكی فەرمی ئەو چارەسەرییەی قبووڵ کردووە كە باخچەلی دەستی داوەتێ؛ واتە تەنیا باخچەلی نابێتە خاوەنی ئەو پرسە، ئیدی ئەردۆغانیش بە فەرمی دانی پێدانا.
گیرەسۆن، قسەی بۆ ئاژانسی (BBC)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”لەم پرسەدا كەسایەتی سیاسی گرنگ رۆڵی خۆیان دەگیڕن، بوونی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە لەو پرسەدا زۆر گرنگە و ئیدی دەبێت كارەكتەرەكان رۆڵی خۆیان بگێڕن.“
ئەوەی ببووە مایەی پرسیار لای ئۆپۆزسیۆن، ئایا ئەردۆغان چۆن دەڕوانێتە ئەو هەوڵانەی باخچەلی بۆ پرسی چارەسەریی كورد و هەروەها چوونی ئەو شاندەی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، بەڵام كاتێك لە ئامەد ئەردۆغان ئاشكرای كرد، دەیانەوێت پرسی تیرۆر لە وڵاتەكەیان كۆتایی پێ بهێنن و هەروەها گوتی هەلێكە هاتووەتە پێشەوە نابێت بیكەینە قوربانی، ئەمە دەریخست كە ئەو بە فەرمی هاتووەتە ناو پرسەكەوە و قبووڵیەتی گفتوگۆ لەوبارەیەوە بەردەوام بێت و بگاتە ئەنجام.