دوای 15 ساڵ، بۆ یەکەمجار سەرۆک وەزیرانی لوبنان سەردانی سووریا دەکات و لەگەڵ شەرع کۆ دەبێتەوە.
سەرچاوە لوبنانییەکان ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2025، نەجیب میقاتی، سەرۆک وەزیرانی لوبنان بەسەردانێک دەگاتە سووریا و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆ دەبێتەوە.
هەروەها ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆک وەزیرانی لوبنانە بۆ سووریا لە ماوەی 15 ساڵدا.
ئەمەش دوای ئەوە هات، هەفتەی ڕابردوو ئەحمەد شەرع، بە تەلەفۆن بانگهێشتی میقاتی کرد بۆ ئەوەی سەردانی دیمەشق بکات.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان سوێندی دەستووریی لەبەردەم پەرلەمانی لوبنان خوارد، دوای ئەوەی لە خولی دووەمی دەنگداندا بە سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرا.
سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی لوبنان، لە وتاری دەستبەکاربوونیدا بەڵێنی دا “پەیوەندییەکی باش لەگەڵ دەوڵەتی سووریا دروست بکات.”
عۆن، خوازیاری گفتوگۆی ڕژدی لەگەڵ سووریا لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری هەردوو وڵات و پاراستنی سنوورەکانی نێوان سووریا و لوبنان، کردەوە.
لای خۆیەوە، شەراع، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەم، هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی سووریا بەهێز بکات.
شەرع، ڕاشیگەیاند “هەوڵی باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەموو دراوسێکانی سووریا، دەدات.