دۆناڵد ترەمپ: باج کەم دەکەینەوە و سنوورەکان دادەخەین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی دوێنێ چوارشەممە، لەگەڵ کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، جەختی لەسەر کەمکردنەوەی باج و داخستنی سنوورەکان کردەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: “یەکێتییەکی نایاب هەیە، ئێمە بڕیارە کارێک بکەین، ئەوەش کەمکردنەوەی باجەکانە تاوەکوو هەلی کاری زۆرتر بڕەخسێت.”

سەبارەت بەوەی  لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆکی ئەمەریکا، چی دەکات؟ گوتی: “سنوور دادەخەم.”

ئاماژەی بەوەش کرد “بە زەبری هێز دایدەخەین، خەڵکی تاوانباریش دەردەکەین.”

ترەمپ چەند جارێک بەڵێنی دا سنوورەکان بەڕووی کۆچبەری نایاساییدا دابخات، هەروەها ئەو باجانەش کەم بکاتەوە کە ئەمەریکییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا ناڕەزایەتییان لێی هەبووە.