سێنتکۆم: هێرشمان کردە سەر جبەخانەی حووسییەکان لە یەمەن

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێزەکانیان بۆمبارانی دامەزراوەکانی هەڵگرتنی چەکیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان کردووە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند “سێنتکۆم درەنگانی شەوی چوار شەممە،  8ـی کانوونی دووەم، چەندان هێرشی وردی کردووەتە سەر دوو جبەخانەی پێشکەوتووی ئاسایی (ACW) لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان لە یەمەن”.

لە بەیاننامەکەدا دەشڵێت: “حووسییەکان، ئەو دامەزراوانەیان بەکار هێناوە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە جەنگیی و بازرگانییەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا، لە باشووری دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەش دا هاتووە، “ئەم زەبرە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەی حووسییەکان لە هاوبەشە ناوچەییەکان و کەشتییە سەربازی و بازرگانییەکانی ناوچەکە دێت”.

بەرەبەیانی پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە حووسییەکان ڕایانگەیاند، هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر ژمارەیەک لە پارێزگاکانی یەمەن.

کەناڵی ئەلمەسیرە بڵاوی کردەوە “ئەمەریکا و بەریتانیا ناوچەی جەربانی لە باشووری سەنعایان بۆمباران کردووە.”

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد “ئەمەریکا و بەریتانیا سێ هەڵمەتیان کردووەتە سەر شارۆچکەی حەرف سوفیان لە پارێزگای عەمران و شارەدێی “ئەللحیە” لە پارێزگای حودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن. لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەنەوە.”