ئەمەریکا هەندێک لە سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرێت

ئەمەریکا بۆ ماوەی شەش مانگی داهاتوو بەمەبەستی ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، هەندێک سزای سەر سووریای سوک کرد. ئەمەش دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد دێت.

لەوبارەوە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، مۆڵەتێکی گشتیی نوێیان دەرکردووە بۆ فراوانکردنی چالاکی و مامەڵە ڕێگەپێدراوەکان لەگەڵ سووریا، هەروەها واشنتن بەردەوامە لە چاودێریکردنی پێشهاتەکان دوای پێکهێنانی ئیدارەی نوێی سووریا.

وەزارەتەکە ڕوونیکردووەتەوە، ئەم هەنگاوە بۆ یارمەتیدان و دڵنیابوونەوەیە لەوەی سزاکان ڕێگری لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ئەرکەکانی حوکمڕانی سووریادا ناکەن، خزمەتگوزارییەکانیش بریتین  لە دابینکردنی کارەبا، وزە، ئاو و تەندروستی”.

ئاماژەی بەوەش کرد، پشتگیرییان لە کاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان و سەقامگیری دەکەن.

والی ئەدییمۆ، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا گوتی: “کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی دڕندانە و سەرکوتکارانەی بەشار ئەسەد، دەرفەتێکی زۆر باشی بۆ سووریا و گەلەکەی دەڕەخسێنێت بۆ ئاوەدانکردنەوە.”

دەشڵێت: لەم قۆناغەی ڕاگوزەریدا، گەنجینەی ئەمەریکا لە پشتیوانیکردنی مرۆیی و حوکمڕانی سووریا بەردەوام دەبێت”.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، “بڕیارەکە ڕێگە بە هیچ جۆرە گواستنەوەیەکی دارایی نادات بۆ هەر کەسێک کە سزای بەسەردا سەپێنراوە، تەنها هەندێک گواستنەوە نەبێت کە ڕێگەپێدراوە بۆ دامەزراوە حکوومیەکان یان پێشکەشکارانی خزمەتگوزاریی پەیوەندیدار لە سووریا”.