دورزییەكانی سووریا ناچنە ژێر باری تەحریر شام

 

كارزان گلی – هه‌ولێر

شێخ حیكمەت هیجری، سەرۆكی مەعنەویی دورزییەكان لە سووریا، دەڵێت چەك نادەینە حكوومەتی كاتییەکەی سووریا، چونكە جارێ زۆر زووە چەك دابنێین.

هیجری دەڵێت: ”تاوەكو دەستوور نەنووسرێتەوە و دامەزراوەكان دروست نەكرێنەوە، بە هیچ شێوەیەك چەك دانانێین؛ ئێمە دەبێت دڵنیا بین كە مافەكانمان پارێزراوە و جارێ زۆر زووە باس لە چەكدانان بكەین. ئێمە لەگەڵ هەموو كەسێك ئامادەین كار بكەین بۆ بنیادنانی دەوڵەت، بەو مەرجەی رێز لە ئازادیی هەموو تاكێک بگیرێت.“
دورزییەكانی سووریا، نیو ملیۆن كەس دەبن، ئەوان زیاتر لە شاری سوەیدا و بەرزاییەكانی جۆلاندا دەژین. ئاینێكی تایبەت بەخۆیان هەیە و شاراوەیە، لەلایەن بەشێكی زۆری وڵاتانی ئیسلامی تەكفیر كراون، تاكە وڵات كە بە نهێنی پشتگیرییان لێ دەكات ئیسرائیلە.
دورزییەكان حەمزەی كوڕی عەلی کوڕی ئەحمەد زووزەنی بە پێغەمبەری خۆیان دەزانن، چوار مەرجیشیان هەیە بۆ ژیانی خۆیان. یەكەم، بڕوایان بە حاكمیەتی خودا هەیە، دووەم فەرمانی خودا جێبەجێ دەكەن، سێیەم سنووری خۆیان دەزانن، چوارەمیش بڕوایان بە ئامۆژگاریكردن هەیە.
تاوەكوو ئێستا روون نییە، ئاخۆ نوێژ دەكەن؟ ئایا رۆژوو دەگرن و بڕوایان بە پێغەمبەری ئیسلام و مەسیح هەیە؟ بەڵام ئەوەی روونە، ئەوان لە ئیسلام هەڵگەڕاونەتەوە و بەهەموو شێوەیەك رەتی دەكەنەوە.
بە زۆری لە سووریا و لوبنان و ئیسرائیلدا دەژین و خۆیان بۆ دنیای دەرەوە ئاشكرا ناكەن. لە بەرزاییەكانی جۆلانیشدا هەن و ئیسرائیل دەیەوێت، رازییان بكات كە بێنە سەر ئیسرائیل و ئەوانیش لەو ڕووەوە توند نین.
دورزییەكان هیچ بڕوایان بە ئەحمەد شەرع نییە، بۆیە خۆیان پڕ چەك كردووە، بە ئاشكراش دەڵێن، ئەگەر تەحریر شام پەلاماریان بدات، ئامادەی شەڕن. دورزییەكان، لە دوای روخانی رژێمی ئەسەد، ناویان لە میدیاكانی جیهاندا هاتە بەرباس؛ زانیاری لەسەر ئەو رێبازە زۆر کەمە.
ستراتیژییەتی ئیسرائیل لەرێگەی دورزییەكانەوە
دوای رووخانی ئەسەد، سوپای ئیسرائیل زیاتر لە ٢٥ میلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی سووریاوە، بەتایبەت بەرزاییەكانی جۆلان و دەورووبەری سوەیدا، كە زۆربەی دورزییەكانی لێ نیشتەجێیە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراوەتەوە، چەندین كۆبوونەوەی نهێنی لەنێوان ئیسرائیل و سەركردەكانی دورزییەكاندا کراوە و رێككەوتوون لەسەر ئەوەی، لە داهاتوویەكی نزیكدا، سوەیدا داوا بكات بە ئیسرائیلەوە بلكێت، واتە بۆ پارێزگاریكردن لە خۆیان دژی تەحریر شام، ئەو داوایە بكەن و ئیسرائیلیش پێشوازیی لێ بكات، لە مێژوویشدا رووداوی لەو شێوەیە رووی داوە، هەر بۆ نموونە، تەكساس و كالیفۆرنیا، سەرەتا سەر بە مەكسیك بوون، پاشان خەڵكەكەی داوای كرد بە ئەمریكاوە بلكێنرێن و دوای چەندن گفتوگۆ و ناكۆكی لەگەڵ مەكسیك، ئێستا دوو ویلایەتی هەرە گەورەی ئەمریكان.
لەلایەكی ترەوە، سوەیدا بۆ ئیسرائیل زۆر ستراتیژیکە، چونكە لەوێوە هێڵی بەرگری ئێران دەپچڕێنێت و باسیش لەوە دەكرێت، كۆریدۆڕێك لە نێوان سوەیدا و دێرەزووردا دروست دەكات، كە چەكداری یەپەگەی لێیە، بۆیە دوورزییەكانی سووریا، بە تەواوی خۆیان خستووەتە باوەشی ئیسرائیل.
شرۆڤەكارانی توركیا پێیان وایە، زۆر ئەستەمە دورزییەكان لە داهاتووی سووریادا بە كەم رازی بن، ئەوان لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە، دەیانەوێت خاكەكەیان بكەوێتە سەر ئیسرائیل، ئەگەر ئەوەش رووی نەدا، داوای فیدراڵی دەكەن و ئیسرائیلیش بە هەموو توانایەوە پشتگیرییان لێ دەكات.
ئەگەر دورزییەكان فیدراڵی وەربگرن، دەرگا بۆ كوردانی رۆژئاوا دەكاتەوە تا ئەوانیش داوای هەمان ماف بكەن، چونكە رێژەی دانیشتوانی كورد لە سووریا شەش هێندەی دورزییەكانە. توركیا هەموو هەوڵێك دەدات تا كارتی دورزییەكان لە دەستی ئیسرائیل دەربهێنێت، لەو رێگەیەوە دەیەوێت مافی دورزییەكان لە داهاتووی سووریادا مسۆگەر بكات، بەڵام ئایا دورزییەكان، لە باوەشی ئیسرائیل دێنە دەرەوە و دەچنە باوەشی توركیا؟ لە داهاتوویەكی نزیك وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ رای گشتی روون دەبێتەوە.