دەرگای زانکۆکانی سووریا بەڕووی قوتابیاندا کرانەوە

دەرگای زانکۆکانی سووریا بەڕووی قوتابیاندا کرانەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کە لە 8ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2024 بەھۆی ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد، داخرابوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست کەوتوون، لەگەڵ کردنەوەی دەرگای زانکۆکانی سووریا، ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان ڕوویان لە کۆلێژەکانیان کرد.

دەرچووی کۆلێژی تەلارسازی و پەیمانگای باڵای زمانەکانی سەربە زانکۆی دیمەشق، ڕیم زوحەیلی کە ئێستا وەک مامۆستا وانە دەڵێتەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی ڕاگەیاند کە خەڵکی سووریا، بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد زۆر دڵخۆشن.

گوتیشی: لە سەردەمی ڕژێمی ئەسەد-دا، ڕێگە بە خەڵک نەدەدرا ھیچ چالاکییەک ئەنجامبدەن یان قسە لەسەر ھیچ پرسێک بکەن کە پەیوەندییان بە سیاسیەتەوە ھەبووایە، بەڵام ئێستا خەڵک ئازادن ھەموو چالاکییەک ئەنجام دەدەن و بە ویستی خۆیان قسە لەسەر ھەموو پرسەکان دەکەن، ئێستا خەڵکی وەک ئەوە وایە لە زیندان ئازادکرابن.

ھەروەھا ڕاشیگەیاند: لە سەردەمی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد-دا، قوتابییەکانم لە ترسی ڕژێم، وەک پێویست لە گفتوگۆ ئەکادیمییەکان بەشدارییان نەدەکرد، ھەرچەندە ئێمە باسی سیاسەتمان نەدەکرد، بەڵام خەڵک بە شێوەیەکی گشتیی لە ترسی ڕژێمی ڕووخاو نەیاندەتوانی بیروڕای خۆیان دەرببڕن.

لەمبارەیەوە قوتابی لە کۆلێژی پزیشکی ددان سەربە زانکۆی دیمەشق، سلێمان سەلوم دووبارە بونیادنانەوەی سووریای بە ھەنگاوێکی گرنگ لەقەڵەمدا.

سلێمان سەلوم لە لێدوانێکیدا  گوتی: ڕێز لە مافی کەمینەکان بگیرێت و پێکەوە کاربکەین بۆ بونیادنانی داھاتووی سووریا، ھەروەھا دەبێت دەست لە ناو دەست سووریا بونیادبنێین، بەبێ ئەوەی سەیری ڕابردووی خۆمان بکەین.

ھاوکات ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستا و قوتابیانی زانکۆکانی سووریا، ئومێدیان خواست، لەوەی پەنابەرە سووورییەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیان، ھەروەھا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی باشترکردنی کەرتی پەروەردە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، ئەوەش بە ئامانجی دەستەبەکردنی داھاتوویەکی باشتر بۆ ھاووڵاتییانی سووریا.