كارزان گلی – ههولێر
چەند رۆژێك بەر لە ئێستا و دوای نۆ ساڵ، رێگە بە شاندێكی دەم پارتی درا، بچنە ئیمیڕاڵی و چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە بكەوێت. دوای چاوپێكەوتنەكە، كە پەروین بوڵدان و سری سوورەیا ئۆندەر چووبون، بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە، ناوەڕۆكی بەیاننامەكەش باسكردنی برایەتی كورد و تورك بوو، هەروەها ئۆجەلان سوپاسی دەوڵەت باخچەلی و رەجەب تەیب ئەردۆغانی كرد، كە پرسی چارەسەری كوردیان هێناوەتە بەرباس، بەڵام ئەم چاوپێكەوتنە و بەیاننامەكە، چەندین پرسیاری لای خەڵك و شرۆڤەكاران دروست كرد.
ئەوەی بووە هۆی ئەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی بكرێتەوە، دەوڵەت باخچەلی بوو، دوای ئەوەی سێ جار لەناو پەرلەمانی توركیا داوای كرد، شاندێكی دەم پارتی بچێتە ئیمیڕاڵی و هەروەها عەبدوڵا ئۆجەلان بێتە ناو پەرلەمانی توركیا و وتارێك پێشكەش بكات و پەكەكە هەڵوەشێنێتەوە.
كەواتە ئامانجی باخچەلی، لە كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی و هەروەها هاتنی ئۆجەلان بۆ پەرلەمانی توركیا و پێشكەش كردنی وتارێك و پاشان ئازادكردنی، هەڵوەشاندنەوەی پەكەكەیە.
چەند نووسەرێكی توركیا، شرۆڤەی ئەو بەیاننامەیەی ئۆجەلانیان كرد، كە لەسەر زاری سری سوورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان بڵاوكرایەوە، ئەوان پێیانوایە، بەیاننامەكە زیاتر لە بەرژەوەندی ئاكەپە و مەهەپەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.
دەنیز زەیرەك، نووسەری دیاری توركیا، پێیوایە ئۆجەلان، بە دەركردنی ئەو بەیاننامەیە، دەیەوێت ببێتە بەشێك لە هاوپەیمانیی (كۆماریی)، كە لەنێوان مەهەپە و ئاكەپە دروست بووە.
ئەو نووسەرە لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردووەتەوە، ئۆجەلان، دەیەوێت داوا لە كوردەكان بكات، لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگ بە ئەردۆغان بدەن، هەروەها ئامانجی ئاكەپە و مەهەپە ئەوەیە، لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگی كورد بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن، لە رێگەی ئیمیڕاڵییەوە ئەو هەوڵە دەدەن.
بەڵام بەشێكی تر لە نووسەران، پێیانوایە، ئۆجەلان بەهیچ شێوەیەك نایەتە ژێر باری ئەوەی ببێتە بەشێك لە هاوپەیمانیی (كۆماریی)، ئەو دەیەوێت پرسی چارەسەری كورد بباتە پێشەوە، بۆیە سوپاسی ئەردۆغان و باخچەلی كردووە.
یاڵچن دۆغان، نووسەری دیاری توركیا و هەروەها شارەزا لە پرسی كورد، لە نووسینێكدا كە لە ئاژانسی (T24) بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت چوونی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمیڕاڵی و هەڵوێستی ئۆجەلان پێمان دەڵێت، دەم پارتی دەچێتە ناو هاوپەیمانیی (كۆماریی).
دۆغان پێیوایە، ئەمجارەیان پرسی چارەسەری كورد، وەكوو هەموو جارەكانی تر ئەنجامی نابێت، تەنیا ئەم هەنگاوەی مەهەپە و ئاكەپە پێمان دەڵێت، بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا، لەرێگەی ئیمیڕاڵییەوە فشار دەخرێتە سەر دەم پارتی، تا پاڵپشتی لە هەمواركردنەوەی دەستوور بكەن.
ئایە ئۆجەلان ئازاد دەكرێت؟
ئۆجەلان، وەكوو سەرۆكی پەكەكە قورسایی لەناو پەكەكەدا هەیە، بەڵام بڕیارەكانی جێبەجێ ناكرێت و قەندیل بەئاشكرا دەڵێت، هەر بڕیارێكی ئۆجەلان لە ئیمیڕاڵییەوە دەربچێت، لەژێر كاریگەری ئەو گۆشەگیریی و ئەو فشارەیە كە دەوڵەتی تورك دەیخاتە سەر، واتە ئەو لەبارێكی ئاسایی بڕیار نادات تا پەكەكە جێبەجێی بكات، بۆیە ئەستەمە پەكەكە، لەسەر داوای ئۆجەلان چەك دابنێت.
باخچەلی، سێ جار لەناو پەرلەمانی توركیا گوتی ”با ئۆجەلان لەناو پەرلەمانی توركیا وتارێك پێشكەش بكات، داوا لە پەكەكە بكات چەك دابنێت، هەركاتێك پەكەكە چەكی دانا، ئیدی ئەویش دەتوانێت ئازاد بكرێت“ بەڵام یاسانایان پێیانوایە، بەهیچ شێوەیەك ناكرێت ئۆجەلان لەناو پەرلەمانی توركیا وتار پێشكەش بكات، چونكە لەڕووی یاساییەوە رێگری بۆ دروست دەبێت، ئەو لەسەر مادەی تیرۆر دەستگیر كراوە، چۆن دەبێت تیرۆرست بێتە ناو دەزگایەكی شەرعی وتار پێشكەش بكات.
بەڵام ئەگەر بێت و بەر لەوەی لەناو پەرلەمانی توركیا وتار پێشكەش بكات، ئۆجەلان بەر لێبوردنی گشتی بكەوێت، ئەوكات هیچ رێگرییەكی یاسایی نابێت كە لە پەرلەمانی توركیا وتار پێشكەش بكات.
قەندیل، لە بەیاننامەیەكدا موژدەی ئەوەی بە كورددا، كە لە ٢٠٢٥دا، ئۆجەلان ئازاد دەكرێت، ئەمەش بەو مانایە دێت، كە رێككەوتنێكی ژێر بەژێر هەیە بۆ ئازادكردنی ئۆجەلان، بەڵام روون نییە ئەو رێككەوتنە چییە؟ ئایە چەك دانانی پەكەكە تەنیا بۆ ئازادكردنی ئۆجەلانە؟ یان بۆ بەدەستهێنانی مافی كوردە لە توركیا.
پەروین بوڵدان و ئۆندەر، ئومێدی زۆریان بە پرسی چارەسەری ئەمجارەی دەوڵەتی توركیا هەیە، تەنانەت ئۆندەر ئاماژەی دا، لەجاری پێشوو زیاتر ئومێدیان بە پرسی چارەسەری هەیە، بۆیە رەنگە چەند جارێكی تر، شاندی دەم پارتی بچێتە ئیمیڕاڵی و چاویان بە ئۆجەلان بكەوێت.
ئەگەر مەبەستی ئاكەپە و مەهەپە، هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا بێت، هەروەها بۆ ئەوەشیان پێویستیان بە دەنگی دەم پارتییە لەناو پەرلەمانی توركیا و لەرێگەی ئیمیڕالییەوە فشار بخەنە سەر دەم پارتی، پێویستە لە ٢٠٢٥دا، پرسی چارەسەری بگاتە ئەنجام، چونكە ئۆپۆزسیۆنی توركیا، فشارەكانی بۆ سەر حكوومەت دەستپێكردووە، بەوەی توركیا لە ٢٠٢٦ بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە و گەلی توركیاش هەڵبژاردنی پێشوەختەیان دەوێت، چونكە رەوشی ئابووریی توركیا ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبێت، بۆیە دەبێت بەر لە ٢٠٢٦، دەستوور هەموار بكرێتەوە و رێگە بۆ ئەردۆغان خۆش بكرێت بۆ جاری سێیەم خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەربژێر بكاتەوە.