دوێنێ شەممە، لە هێرشێکی خۆکوژیدا لە شاری توربەتی هەرێمی بەلوجستانی پاکستان، 61 کەس کوژران و بریندار بوون.
ئاژانسی هەواڵی میهر ی ئێران بڵاوی کردەوە، لە شاری توربەت، سوپای ‘تەحریری بەلوجستان’ هێرشێکی خۆکوژی کردە سەر کاروانێکی سوپای پاکستان و لە ئەنجامدا لانی کەم، پێنج کەس کوژران و 56 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئاژانسی هەواڵی ‘خوراسان دایری’ ی پاکستان، ڕایگەیاند “لە هێرشەکەدا، لانی کەم پێنج کەس لە هێزەکانی پاسەوانی سنووری پاکستان کوژراون و 56 کەسی دیکەش بریندار بوون، پێنج کەس لەوانە برینەکانیان سەختە، 31 برینداری دیکەش دۆخیان جێگیرە و 20 لەو بریندارانەش دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.”
بەم دواییانە هێرشە چەکدارییەکان لە پاکستان زیادیان کردووە، بەگوێرەی سەنتەری توێژینەوەی ئەمنیی پاکستان، زۆر ترین هێرشە چەکدارییەکان لە بەلوجستان بووە، هێرشەکەی خەیبەر بەختونخوا، گەورەترین هێڕش بوو لە ساڵی ڕابردوودا و تێیدا 782 کەس کوژران.