فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا: 2500 چەکداری داعش لە عێراق و سووریادا چالاکن

شەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2025، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، 2500 چەکداری داعش عێراق و سووریادا هەن و چالاکی دەکەن.

لەوبارەوە، سەرمەد ئەلبەیاتی، شارەزای سەربازی و ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند “داعش توانای ئەوەی نییە دەست بەسەر لادێ و ناوچەکاندا بگرێتەوە، بەڵام  لە ڕێگەی شانە نوستووەکانیان، کە لەناوچە بیابانەکاندا چالاکن، دەتوانن زیان بەهێزە ئەمنییەکان بگەیەنن.”

بەیاتی گوتیشی: “دۆخی کەمپەکانی سووریا مەترسیدارە، هەسەدە ناتوانێت بەتەواوی کۆنترۆڵیان بکات، هەر بۆشاییەکی ئەمنی ڕوو بدات کارەسات لە سووریا و عێراق دەخوڵقێنێت.”

لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ‘ڕۆژئاوای کوردستان’ زیندانییەکی زۆری ئەندامانی داعش، لە ژێر دەستی هەسەدە دان، کە ژمارەیان بە 9 هەزار کەس دەخەملێندرێن، هەروەها هەزارانی دیکە لە کەمپەکاندا، وەک کەمپی هۆل دەستبەسەرن.

چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە لە پارێزگاکانی حەسەکە، دێرەزوور، حمس زیادی کردووە، کە داعش سوود لەو ئاژاوە ئەمنیانە دەبینێت کە لە سووریادا هەیە، هەروەها هەوڵ دەدات هەیکەلی ڕێکخراوەکە لە ڕێگەی دامەزراندنی چەکداری نوێ، بنیات بنێتەوە.