گەورەترین کۆمپانیای وەبەرهێنەری سعوودیە لە بازاڕەکانی ئێران کشایەوە

گرووپی کۆمپانیاکانی ساڤۆلای سعوودیە، کە گەورەترین کۆمپانیای وەبەرهێنەری بیانی بوو لە ئێران، کۆتایی بە چالاکییەکان هێنا و دوای فرۆشتنەوەی هەبووەکانی، ئەو وڵاتەی بەجێ هێشت.

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە “گرووپی کۆمپانیاکانی ساڤولای سعوودی، کە لە ئێران لە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی ڕۆنی زەیتدا کاری دەکرد، تەواوی هەبووەکانی لە کۆمپانیا و کاڵاکانی بەرانبەر بە 188 ملیۆن دۆلار فرۆشتووە و لە ئێران کشاوەتەوە. لە کاتێکدا ئەو گرووپە دابینکاری %70ی بازاڕەکانی ئێران بووە، لە بەرهەمەکانی ڕۆنی زەیت، خۆراکە دەریاییەکان، خواردنی ئامادەی لە قوتوکراو و دروستکردنی شیرینی، بە تایبەتیش لە دابینکردنی ڕۆنی ڕووەکی دا.

گرووپی کۆمپانیاکانی ساڤۆلا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندان لقی هەیە و بە گوێرەی میدیاکانی سعوودیە، کشانەوەی کۆمپانیاکە لە ئێران بەشێکە لەو پلانەی لە 2023 جێبەجێی کرد و لە بازاڕەکانی مەغریب و عێراق کشایەوە.

ئەوەی بووەتە مایەی سەرسووڕمانە، ساڵی 2016 دوای تێکچوونەوەی پەیوەندییەکانی ڕیاز و تاران، بەهۆی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کونسوڵخانەی گشتیی مەشهەد و داخرانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەکان، ئەو کۆمپانیا سعوودییە ئامادە نەبوو لە بازاڕەکانی ئێران بکشێتەوە.