ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2025، گرووپە چەکدارە خۆجێیەکانی لە پارێزگای سوەیدا ڕێگری لە ئیدارەی سەربازی نوێی سووریا دەکەن بچنە شارەکە.
مێدیای سووری بڵاویکردووەتەوە؛ شەوی ڕابردوو چەندان سەربازی ئیدارەی نوێی سووریا ویستوویانە بچنە شاری سوەیدا لە باشووری سووریا، بەڵام لەلایەن گرووپە چەکدارە خۆجێیەکانەوە ڕێگەیان پێ نەدراوە بچنە سوەیدا و داوایان لێکراوە بگەڕێنەوە دیمەشق.
هاوکات، سەرچاوە ئەمنیەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە؛ سەربازانی ئیدارەی نوێی سووریا چاوەڕوانی فرمانی دیمەشق دەکەن، بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سوەیدا.
گرووپە چەکدارە خۆجێیەکان دوو ڕۆژ پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوەیدا بڵاوبوونەتەوە، ئەم گرووپە لە چوارچێوەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکاندا هاوپەیمان بوون و هەموو هێزەکانی سوپای ڕژێم و ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژێمیان لە پارێزگاکە دەرکرد.