کەناڵی ئێس ڤی تیڤیی سویدی: سەلوان مۆمیکا کوژراوە

تەرمی سەلوان مۆمیکا بە کوژراوی لەنێو ماڵەکەیدا، لە گەڕەکی سوێدەرتالیا؛ لە باشووری ستوکهۆلم دۆزراوەتەوە. 

کەناڵی ئێس ڤی تیڤیی سویدی ڕایگەیاند، تەرمی سەلوان مۆمیکا، ئەو پەناخوازە عێراقییەی چەند جارێک نوسخەی قورئانی پیرۆزی سووتاندووە، بە کوژراوی لەنێو شوققەکەیدا، لە گەڕەکی سوێدەرتالیا لە باشووری ستوکهۆلم دۆزراوەتەوە.

هاوکات ماڵپەڕی “سوید 24”  ئاماژەی بەوە کردووە، نزیکەی کاتژمێر 11:00ـی شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 29-01-2025)، کەسێک چووەتە نێو شوققەی سەلوان مۆمیکا، دەستڕێژی گولـلـەی لێ کردووە و کوشتوویەتی.

لە لایەکی دانیێل ویکدال، گوتەبێژی پۆلیسی ستۆکهوڵم ڕایگەیاند، کەسێک بە تۆمەتی تێوەگلانی لە ڕووداوەکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە 28-6-2023، لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، مۆمیکا لە ستۆکهۆڵم نوسخەیەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند. دواتر، سێ جاری دیکە ئەو کارەی دووبارە کردەوە. ئەم ڕەفتارەی جیهانی ئیسلامی و عەرەبی و تەنانەت ئەورووپاشی نیگەران کرد، بەهۆیەوە لە عێراق هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی سوید و سووتێندرا و عێراق باڵیۆزی خۆی لەو سوید کشاندەوە و داوای لە باڵیۆزی ئەو وڵاتەش کرد عێراق بەجێ بهێڵێت.

سەلوان، کە لەلایەن دادگەکانی عێراق داواکراوە و عێراق بە فەرمی داوای رادەستکردنەوەی لە سوید کردووە، پێشتر لە بەغدا ژیاوە، دوای سەرهەڵدانی داعش لە ساڵانی 2016 و 2017 گرووپێکی چەکداریی بەناوی “کەتیبەکانی هەڵۆکانی سریان” و پارتی یەکێتیی سریانیی دیموکراتی دامەزراندووە.

ناوی تەواوەتی مۆمیکا “سەلوان سەباح مەتی مۆمیکایە” ڕۆژی 23-06-1986 لە شارۆچکەی حەمدانییە (قەرەقووش)ـی زۆرینە کریستیاننشینی سەر بە پارێزگای نەینەوا لە دایک بووە و چەند ساڵێکە لە هاوژینەکەی جیا بووەتەوە.