كارزان گلی – ههولێر
وەزارەتی ناوخۆی توركیا، بەردەوامە لە قەیومكردنی ئەو شارەوانیانەی سەر بە دەم پارتین، ئەمەش لە كاتێكدایە كە پرۆسەی چارەسەری ئاشتی لە گۆڕییە و ئومێدێكی زۆر لای خەڵك دروست بووە، كە پرسی چارەسەری كورد هەنگاوی باشی بڕیوە.
سۆفیا ئەڵەغاش، هاوسەرۆكی شارەوانیی سیرت، كە سەر بە دەم پارتییە، لە پۆستەكەی دوور خرایەوە و بە تۆمەتی ئەوەی كاری بۆ پەكەكە كردووە، بە شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی سزا درا و والییەکەی سیرت، وەكوو قەیوم لە شوێنی ئەو وەكوو سەرۆكی شارەوانیی سیرت دانرا.
وەزارەتی ناوخۆی توركیا، لە راگەیێندراوێكدا بڵاوی كردەوە، بەهۆی ئەوەی سۆفیا، لە لایەن دادگاوە سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، بۆیە والیی شارەكە واتە كەمال كزلكا، دەبێتە سەرۆكی شارەوانیی سیرت. بەڵام دەم پارتی، وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی توركیای داوەتەوە و دەڵێت، شارەوانییەكەمان لێ داگیر و قەیوم كراوە. دەم پارتی، لە راگەیێندراوێكدا ئاشكرایان كردووە: ”دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ٣١/٣ـدا، شارەوانیی هەكاری، باتمن، دەرسیم، حەلفەتی، ئاكدەنیز، باخچە سەرای و دواجاریش سیرت قەیوم كراوە، كە هەموو ئەم شارەوانیانە بە دەنگی گەل هەڵبژێردراون.“
سۆفیا ئەڵەعاش، لە ٢٨ی ئەم مانگەدا لەبەردەم دادگا گوتی: ”ئەم هەنگاوەتان پەلاماردانی ئیرادەی كوردە، دوێنی سەرمان شۆڕ نەكرد و ئەمڕۆش شۆڕی ناكەین، ئەم دادگایە و ئەم دەوڵەتە، دژمنایەتیی خۆی بەرامبەر بە كورد جارێكی تر دووپات كردەوە.“
سۆفیا، لە لێدوانەكەیدا هێرشی كردە سەر دادوەر، چونكە دۆسیەكەی كەموكورتیی تێدایە؛ دەبوایە دانیشتنی دادگا دوا بخرێت، بەڵام ئەوان پەلەیان كردووە لە سزادانی، بۆیە دەڵێت ئێمە لەم وڵاتەدا لەناو درۆیەكی گەورەداین.“
قەیومكردنی شارەوانییەكان لە توركیا، تەنیا دەم پارتیی نەگرتووەتەوە، بەڵكو لە چەند رۆژی رابردوو، لەناو ئیستانبۆڵ دوو شارەوانیی سەر بە جەهەپە قەیوم كرا، ئەمە جگە لەوەی سەرۆكی شارەوانییەكانیش بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە پەكەكەن، دەستگیر كران.
بڕیارە رۆژی هەینی، كە دەكاتە ٣١ـی ئەم مانگە، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، لە بەردەم دادوەر ئامادە بێت و دادگایی دەكرێت، بە تۆمەتی ئەوەی سووكایەتی بە داواكاری گشتی ئیستانبۆڵ كردووە و، هەڕەشەی لە خانەوادەیشی كردووە.
هەموو ئەم پرسانە لە كاتێكدایە، كە پرسی چارەسەری كورد لە گۆڕییە و لە ماوەی یەك مانگدا دوو جار شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمرالییان كردووە و لە نزیكەوە گفتوگۆیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی پەكەكە كردووە و ئامانجیش لەو گفتوگۆیانە، بەرەوپێشچوونی پرسی چارەسەری كوردە، بەڵام سیاسەتی قەیوم گومانی زۆری خستووەتە دڵی دەم پارتی و دەڵێت، تا سیاسەتی قەیومکردن نەبڕێتەوە، ئەستەمە پرسی چارەسەرکردنی دۆزی كورد بچێتە پێشەوە.