سەرۆکی ئەمەریکا، دۆنالد ترەمپ، جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە، دەیەوێت فەڵەستینییەکانی غەززە بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی ئارام، وەک ‘میسر یان ئوردن’. ئاشکراشی کرد، بەم زووانە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەواشنتن کۆ دەبێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی شەممە، بیرۆکەی ‘پاککردنەوەی’ غەززەی وروژاند، کە زیاتر لە 15 مانگە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە و کەرتی غەززەش وێران بووە و زۆرینەی باڵەخانەکانی ڕووخاون.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، ترەمپ لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند “بۆیە دەمانەوێت بیانگوازینەوە، بۆ ئەوەی بتوانن لە ناوچەیەکدا بە ئارامی و دوور لە شۆڕش و توندوتیژی بژین”.
لە بارەی دوو دەوڵەتییەوە ئاماژەی بەوەش کرد “بەم زووانە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ لە واشنتن کۆ دەبێتەوە.”
بە گوێرەی هەواڵێکی فرانس پرێس، ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسریش گفتوگۆی کردووە، کە ئەوان دژی ئاوارەبوونی فەلەستینییەکانن.
ترەمپ سەبارەت بە عەبدولفەتاح سیسی گوتی: هیوادارم هەندێک لەو فەڵەستینییانە وەربگرێت.” ئاماژەی بەوەش کرد “زۆر یارمەتیان داوین، دڵنیام یارمەتیمان دەدات.
سەرۆکی ئەمەریکا، گوتیشی: باوەڕم وایە ئەو کارە دەکات، باوەڕیشم وایە شای ئوردنیش بە هەمان شێوە ئەو کارە دەکات.
بەهۆی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، سەری هەڵدا، نزیکەی دوو ملیۆن و 400 هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە ئاوارە بوون.
بڕیارە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە بۆ ماوەی شەش هەفتە بخایەنێت و 33 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بکرێت، لە بەرامبەردا نزیکەی هەزار و 900 زیندانیی فەڵەستینیش ئازاد بکرێن.
پێشووتریش ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن پێشنیازەکەی ترەمپ لە بارەی چۆڵکردنی غەززە ڕەت کردووە و ڕایگەیاند ”هەڵوێستی ئەوان لەبارەی ڕەتکردنەوەی وەرگرتنی ئاوارەکانی غەززە نەگۆڕە.”
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی میسریش هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند گوتی: “هەموو پێشێلکارییەک لەبەرانبەر مافەکانی فەڵەستین ڕەت دەکەنەوە.”