وهزیری پێشووی ئاسایشی ئیسرائیل گەڕانەوەی هاووڵاتییان بۆ باکووری غەززە بە “شکست” بۆ وڵاتەکەی و “سەرکەوتن” بۆ حەماس وەسف دەکات.
دووشەممە، 27-01-2025، ئیتامار بن گهڤیر، وهزیری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل کە ڕۆژی یەکشەممە، 19-01-2025، وەکوو ناڕەزایەتییەک بەرانبەر ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس، دەستی لە کار کێشایەوە؛ ئاماژەی بەوە دا “گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ باکووری غەززە، سەرکەوتنە بۆ حەماس.”
وهزیری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، سەربازانی وڵاتەکەی شەڕ و قوربانییان نەداوە تاوەکوو ڕێگە بە گەڕانەوەی دانیشتووانی غەززە بۆ باکووری کەرتەکە بدرێت.
بن گهڤیر، ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززەی بە “نایاسایی” ناو بردووە و پێی وایە گەڕانەوەی ئاوارەکان و ڕێککەوتنەکەش بە شێوەیەکی گشتی “بە هیچ شێوەیەک سەرکەوتن نییە بۆ ئیسرائیل، بەڵکوو خۆڕادەستکردنێکی تەواوە.”
هاوکات بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە، گەڕانەوەی هاووڵاتییان بۆ باکووری غەززە “سەرکەوتنە بۆ ئێمە و ڕاگەیاندنی شکستە بۆ داگیرکار (ئیسرائیل) و پلانگێڕیی ڕاگواستنی بەزۆری هاووڵاتییان.”
ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 27-01-2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند “ئاوارەکانی غەززە، دەتوانن بگەڕێنەوە باکووری غەززە، دوای ئەوەی لەگەڵ حەماس گەیشتنە ڕێککەوتن کە شەش بارمتەی دیکەی ئیسرائیل ئازاد بکەن.”
دوای بڕیارەکەی حکوومەتی ئیسرائیل، دەیان هەزار هاووڵاتی کە پێشتر بە هۆی شەڕەوە ئاوارەی ناوەڕاست و باشووری غەززە بوون، گەڕانەوە باکووری کەرتەکە.
ڕۆژی چوارشەممە، 15-01-2025، ئەمەریکا، قەتەر و میسر کە نێوەندگیرییان دەکرد، ڕایانگەیاند “ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوەکان ڕێککەوتن.”