ڕوانگەی سووری: 35 چەکداری سەر بە ڕژێمی پێشووی ئەسەد کوژران

دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە ماوەی 72 کاتژمێری ڕابردوودا، چەکدارانی سەر بە حکوومەتی نوێی سووریا 35 چەکداری سەر بە ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەدیان کوشتووە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا ‘سانا’ لەزاری دەسەڵاتدارانی سووریاوە بڵاوی کردەوە “کۆمەڵێک تاوانبار دۆخەکەیان قۆستووەتەوە و پێشێلکارییان دژی خەڵکی مەدەنی کردووە و خۆیان وەکو هێزە ئەمنییەکان نیشان داوە.”

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی 72 کاتژمێری ڕابردوودا 35 کەس کوژراوە، جەختیشی کردەوە، زۆربەی ئەوانەی کوژراون چەکدارانی پێشووی حکوومەتی ئەسەد بوون.

ڕۆژی یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت، دواتر بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری ڕژێمی پێشوو بە فڕۆکەیەکی ڕووسی بەرەو مۆسکۆ هەڵات.