ئیسرائیل و حەماس لەسەر گەڕانەوەوەی ئاوارەکان گەیشتنە ڕێککەوتن، ئیسرائیل ڕێڕەوی نەتساریم دەکاتەوە، لە بەرانبەردا حەماس شەش دیلی دیکە ئازاد دەکات.
نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئاوارەکانی غەززە ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی کانوونی دووەمی 2025، دەتوانن بگەڕێنەوە باکووری غەززە، دوای ئەوەی لەگەڵ حەماس گەیشتنە ڕێککەوتن کە شەش دیلی دیکەی ئیسرائیل ئازاد بکەن.
هەروەها ڕاشیگەیاند “حەماس ئەم پێنجشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2025، سێ دیل ئازاد دەکات و شەممەی داهاتووش سێ دیلی دیکە ئازاد دەکات.”
لە هەفتەی دووەمی ئاگربەستەکەی غەززە، ئیسرائیل و حەماس بە پێشێلکاریی ئاگربەستەکە یەکتریان تۆمەتبار کرد، ئیسرائیل ڕێڕەوی گەڕانەوەی بەسەر سەدان ئاوارەی غەززەی بۆ باکووری شارەکە گرتبوو و ڕایگەیاندبوو: تاوەکوو ئەربیل یەهودی ئازاد نەکرێت ڕێرەوەکە ناکەمەوە.
هاوکات، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە ڕایگەیاندبوو: “سەرەرای ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل، ئاوارەکانی غەززە لە لایەن هێزی سەر سنووری ئیسرائیل ڕێگرییان لێ کراوە لەوەی بگەڕێنەوە باکووری غەززە.” بەمەش حەماس ئیسرائیلی بە پێشێلکاریی ئاگربەستەکە تۆمەتبار کردووە.
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، حەماس تۆمەتبار دەکات، بەوەی دیلێکی بە ناوی ئەربیل یەهودی ئازاد نەکردووە کە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 لەلایەن ئەو بزووتنەوەیە دەستگیر کرابوو.