لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی سوودان، زیاتر لە 90 کەس بوونە قوربانی کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن.
یەکشەممە، 26-01-2025، تیدرۆس ئیدهانووم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند “لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر نەخۆشخانەی (سعوودییە) لە شاری فاشری سوودان، نزیکەی 70 کەس کوژران و 19ـی دیکەش بریندار بوون.”
وەکوو ئەوەی ئیدهانووم باسی کردووە، نەخۆشخانەکە کە تاکە نەخۆشخانە بوو تاوەکوو ئێستە لەو شارە کاری دەکرد و لەو ساتەی هێرشی کراوەتە سەر، پڕ بووە لە نەخۆش. ئەوەشی خستووەتە ڕوو، زۆرینەی کوژراوان ئافرەت و منداڵن.
هەر چەندە بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لایەنی هێرشکاری دیاری نەکردووە، بەڵام بەرپرسانی خۆجێیی سوودان “هێزەکانی پەرپەچدانەوەی خێرا” بە بەرپرسیار دەزانن.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە خۆجێیانە، هێزەکانی پەرپەچدانەوەی خێرا بە درۆن نەخۆشخانەکەیان بۆمباران کردووە.