كارزان گلی – ههولێر
بۆ جاری دووەم شاندی دەم پارتی، سەردانی ئیمیڕاڵیان كرد و چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان كەوت، دوای دیدارەكە، شاندی دەم پارتی تەنیا ئەوەندەیان گوت، ئۆجەلان گوتویەتی، بەردەوامم لە كاركردن بۆ ئەو پرسە. بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان، لە چەند رۆژی داهاتوودا، بەشێوەیەكی فراوان و گشتگیر، ئەو شاندە باس لە دووەم دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان دەكەن، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، ئایە ئۆجەلان، داوا دەكات پەكەكە چەك دابنێت؟
بەگوێرەی سەرچاوەكانی دەم پارتی، ئۆجەلان وەكوو كەس، لە هەر شوێنێك بێت گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە پرسی كورد ئەنجامی هەبێت، بۆ ئەمەش دەبێت گۆشەگیركردنی ئۆجەلان هەڵگیرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان، لە دیداری سێیەمدا، روون دەبێتەوە ئاخۆ ئۆجەلان، داوا لە پەكەكە دەكات چەك فڕی بدات، چونكە مەرجی رێگەدان بە چوونی شاندی دەم پارتی بۆ لای ئۆجەلان ئەوەیە، داوا لە پەكەكە بكات چەك فڕێ بدات.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، داوای كرد شاندێكی دەم پارتی بچنە ئیمیڕاڵی و لەگەڵ ئۆجەلان كۆببنەوە، هەروەها مەرجی باخچەلی بۆ چوونی ئەو شاندە ئەوەیە، ئۆجەلان بەفەرمی پەكەكە هەڵوەشێنێتەوە و هەروەها داوایان لێ بكات چەك فڕێ بدەن.
شاندی دەم پارتی، كە لە پەروین بوڵدان و سری سوورەیا ئۆندەر پێكهاتبوون، لەگەڵ ئەحمەد تورك، سەرۆكی شارەوانیی لەكارلادراوی مێردین، دوای دیداری یەكەمیان لەگەڵ ئۆجەلان، سەردانی هەموو پارتە سیاسییەكانیان كرد بە مەهەپەشەوە، پەیامی ئۆجەلانیان پێدان لەبارەی پرسی چارەسەری كورد و ئەو هەنگاوانەی دەگیرێنە بەر.
زوبەیر ئایدار، ئەندامی سەركردایەتی، پارتی یەكێتی جڤاتی كوردستان، پێیوایە بۆ سەر لەنوێ دەستپێكردنەوەی پرسی چارەسەری كورد، مەرجەكان زۆر گونجاون.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، دەم پارتی داوای كردووە، دەرگەی ئیمیڕاڵی بۆ ماوەیەكی درێژ بكرێتەوە، هەروەها بۆ ئەوەی پرسی چارەسەری كورد ئەنجامی هەبێت، دەبێت گۆشەگیركردنی ئۆجەلان كۆتایی پێ بێت، بەڵام تاوەكوو ئێستا حكومەتی توركیا بەفەرمی وەڵامی دەم پارتی نەداوەتەوە.
ئۆجەلان لەرێگەی شاندی دەم پارتییەوە، سوپای هەموو پارتە سیاسییەكانی توركیای كردووە، كە پاڵپشتی ئەو پرۆسەیە دەكەن، هەروەها داوای كردووە، ئەمجارەیان نابێت ئەم هەلە لەدەست بدرێت، گوتویەتی، ئەم گفتوگۆیە لە نێوان ئەو و دەسەڵاتی توركیادا نییە، بەڵكوو لە نێوان توركیا و هەموو پێكهاتەكانی توركیایە و هەروەها گفتوگۆیەكە بۆ بەدیهێنانی دیموكراتی.
ئۆجەلان، لەبارەی كوردانی رۆژئاوای كوردستان، تێزی تایبەت بەخۆی هەبووە، لەگەڵ شاندی دەم پارتی باسی كردووە، رەنگە لە ماوەی داهاتوودا، هەڵوێستی ئۆجەلان لەوڕووەوە ئاشكرا بكرێت و بۆ رای گشتی باس بكەن.
ئایە داوا دەكات پەكەكە چەك دابنێت؟
بەگوێرەی زانیارییەكان، لە دانیشتنی سێیەمدا لەگەڵ ئۆجەلان، یەكلایی دەبێتەوە ئاخۆ ئۆجەلان داوا دەكات پەكەكە چەك دابنێت. بەڵام سەرچاوەكانی ناو دەم پارتی دەڵێن، توندوتیژی و شەڕ بەیەكجاری كۆتایی پێ بێت، ئەمە ئەنجامە، بەڵام ئەوەی وای كردووە توندوتیژی بەرهەم بێت، ئەو یاسا و دەستوورەیە، بۆیە دەبێت ئەو یاسایانەی هانی توندوتیژی دەدەن هەڵبگیرێت.
لەناو دەم پارتیدا، گفتوگۆی چڕ دەستیپێكردووە لەبارەی ئەوەی، ئایە ئۆجەلان داوا دەكات پەكەكە چەك دابنێت؟ سەرچاوەكانی ناو دەم پارتی، كە قسەیان بۆ ئاژانسی ناوبراو كردووە دەڵێن: ”میكانیزمی كودەتا و هەروەها دەستوورێكی نا دیموكراتی و ئەوانەی توندوتیژی بەڕێوە دەبەن و پێیانوایە لەو رێگەیەوە دەگەنە چارەسەر، دەبێت هەڵبگیرێت. ئۆجەلان دەیەوێت چارەسەرێكی مێژووییانە دابنێت بۆ ئەو پرسە، دەیەوێت دەرگا بەڕووی هێزە ئیمپڕیالیستەكان دابخات، كە لەڕووی مێژووییەوە كوردیان دابەش كردووە.“
میدیاكانی توركیا ئاشكرایان كردووە، دیداری سێیەمی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلاندا، ناوەڕاستی مانگی شوبات دەبێت، لەو دیدارەدا ئۆجەلان بەفەرمی داوا لە پەكەكە دەكات، چەك دابنێت، بەڵام دەم پارتی دەڵێن، بەهیچ شێوەیەك دیار نییە، دیداری سێیەمی ئیمیڕاڵی كەی ئەنجام دەدرێت.
لە ئیمیڕاڵی، سێ سەركردەی تری پەكەكەی لێیە، كە لەگەڵ ئۆجەلاندا زیندانی كراون، ئەوانیش (عومەر خەیری كۆنار، حاملی یڵدرم و وەیسی ئاكتاش)ە، ئۆجەلان بە شاندی دەم پارتی گوتووە، ئەوانیش هاوكاری ئۆجەلانن بۆ چۆنییەتی رێگەچارەی چارەسەری پرسی كورد.