چەکدارانی حەماس چوار بارمتەی ئیسرائیلییان رادەستی لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد و دواتر گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانە.
رۆژی شەممە 25-01-2025 چەکدارانی حەماس لە گۆڕەپانی فەلەستین لە شاری غەززە کۆبوونەوە. چوار ئۆتۆمبێلی لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی گەیشتنە گۆڕەپانەکە و چوار ژنە بارمتەکە، کە سەربازی ئیسرائیلی بوون، رادەستیان کران.
دواتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بارمتەکانی وەرگرتووە و بەرەو نەخۆشخانە بۆ پشکنینی سەرەتایی پزیشکی دەیانگوازنەوە.
بڕیارە لە بەرامبەر ئازادکردنی چوار بارمتەکە، ئیسرائیل 200 بەندکراو ئازاد بکات؛ 121 بەندکراویان بە زیندانی تاهەتایی سزا درابوون؛ بڕیارە 70 بەندکراویان بنێردرێنە دەرەوەی غەززە و لەوێ بژین، لەوانەش میسر، جەزائیر، قەتەر و تورکیا.
گواستنەوەی بەندکراوەکانیش هەر لە رێگەی پاسەکانی خاچی سوورەوە دەبێت.
خێزان و کەسوکاری بارمتەکان لە رێگەی تەلەفزیۆنەوە سەیری رادەستکردنیان دەکرد و ئاهەنگیان گێڕا.
ئۆتۆمبێلەکانی خاچی سوور بە ئاراستەی دەرەوەی غەززە رۆیشتن و لە سنووری غەززە و ئیسرائیل هێلیکۆپتەرێکی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل چاوەڕێی وەرگرتنی بارمتەکان بوو.
بارمتەکان بریتیین لە کارینا ئەریێڤ، 20 ساڵ؛ دانیێڵا گیلبۆوا، 20 ساڵ؛ ناما لێڤی، 20 ساڵ و لیری ئالباگ 19 ساڵە.
هەفتەی پێشوو لە یەکەم رۆژی ئاگربەستی غەززە لە 19ـی مانگ، حەماس سێ بارمتەی ئازاد کرد و ئیسرائیلیش 90 بەندکراو.
بڕیارە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە 42 رۆژ بخایەنێت، 33 بارمتە و زیاتر لە 1000 بەندکراو ئازاد بکرێن.