سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوەی پێویست لە هەموو لایەنە بەرپرسیارەکانی کارەساتەکە دەستی پێکردووە، هەروەها تا ئێستا 14 کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی هۆتێلەکە دەستگیرکراون.
هەینی 24ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا گوتی: بە دڵنیاییەوە ئەوانەی بەهۆی هەڵە و کەمتەرخەمییەوە ئەو ئازارە زۆرەیان بەسەر گەلەکەماندا هێنا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
سەرۆک کۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوە دا، لێکۆڵینەوەی پێویست لە هەموو لایەنە بەرپرسیارەکانی کارەساتەکە دەستی پێکردووە و تا ئێستا 14 کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی هۆتێلەکە دەستگیرکراون.
باسی لەوەش کرد، بەداخەوە هەندێک لە ناوە سەرەکییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە بری ڕێزگرتن لە ئازارەکانی میللەتەکەمان، بێباکانە هێرش دەکەنە سەر گشت لایەک.
سێشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2025، هۆتێلێکی کۆمەڵگەی خلیسکێنەی سەربەفر لە باکووری ڕۆژئاوای تورکیا ئاگری گرت.
میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، “بەهۆی ئاگرەکەوە تا ئێستا، 76 کەس گیانیان سپاردووە و دهیان کەسیش بریندار بوون و گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.”
لەوبارەوە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، گوتی: “لە شەودا ئاگرەکە لە خواردنگەی هۆتێلی کۆمەڵگەی کارتال کایا لە پارێزگای بۆلو کەوتووەتەوە.”
عەبدولعەزیز ئایدن، پارێزگاری بۆلو بە ئاژانسەکانی ناوخۆی تورکیای گوت: “هۆتێلەکە 234 میوانی تێدابوو، کە دوویان بەهۆی خۆفڕێدانەوە لە باڵەخانەکەوە گیانیان سپاردووە.”