پەیوەندیی توركیا و ئەمریكا چی لێ دێت؟

 

كارزان گلی – هه‌ولێر

دۆناڵد ترامپ، وەكوو ٤٧ەمین سەركۆماری ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سوێندی یاسایی خوارد، جیا لەوەی دەیان سەركردە و سەرۆكی وڵاتان ئامادەی مەڕاسیمی سوێندخواردنەكەی بوون، ترامپ، وتارێكی پێشكەش كرد و وتارەكەش لە رۆژنامە جیهانییەكان دەنگی دایەوە.

ترمپ، بۆ دووەمینجار بووەوە سەرۆكی ئەمریكا، بۆیە لە وتارەكەیدا گوتی: “سەردەمی زێرینی ئەمریكا دەستیپێكرد، بەشێوەیەكی سادە، یەكەمجار ئەمریكا دەپارێزم”.
ترامپ، بەڵێنی بە گەلی ئەمریكادا، كە سەروەری ئەمریكا بەدەست دەهێننەوە، ئاساییشی وڵات جارێكی تر دەهێننەوە سەر رێڕەوی خۆی و عەدالەتیش لةو وڵاتدا جارێكی تر دەهێننەوە سەر تەرازووی خۆی و لەمساتەوە ئیدی ئەمریكا ناچێتە دواوە.
ترامپ لە وتارەكەیدا، باسی لە هەوڵی كوشتنی كرد، كە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لە ١٣ی تەمووزی ٢٠٢٤ روبەڕووی بووەوە و دەڵێت: ”بڕوام بەوە هەیە كە هۆكارێك هەبووە لەو كردەوە تیرۆرستییە رزگارم بوو، خودا بۆیە رزگاری كردم تا سەرلەنوێ ئەمریكا بەرەوپێشەوە ببەم“
ترامپ، لە وتارەكەیدا هەڕەشەی لە مەكسیك كرد، بە كەنداوی ئەمریكا ناوی برد، بەڵێنیدا كە كەناڵی پاناما وەربگرێتەوە، كە ئێستا لەدەستی مەكسیكدایە.
هەروەها بەڵێنیدا كە سەروەتی ئەمریكا زیاد بكات، هەروەها رووبەڕووی ئەمریكا فراوان بكات و ئاڵای ئەمریكا باتە سەر مەریخ.
ترامپ هەر لە سەرەتاوە دژی هاوڕەگەزخوازی بووە، لە بانگەشەی هەڵبژاردنیش بەڵێنیدا كە دژی هاوڕەگەزخوازییە و نایەڵێت هاوسەرگیری بكەن، بۆیە لە وتارەكەیدا ئەو لایەنەی لەبیر نەكرد و ئاماژەی دا، لە ئەمریكا ئیدی دوو رەگەز هەیە، ئەویش ژن و پیاوە.
بەهۆی ئەوەی واشنتۆن سەرمایەكی رادەبەدەری هەبوو و پلەكانی سەرما گەیشتبووە، خوار ١١ پلە، بۆیە دوای ٤٠ ساڵ، بۆ یەكەمجار بوو، كە مڕاسیمی سوێندخواردنەكە برایە هۆڵێكی داخراو و هەزاران كەس بەشداری تێدا كرد.
لە سەدەی ١٩ەوە، تاكە سەرۆكی ئەمریكایە، كە هەڵبژاردنێك دۆڕابێت و پاشان ببێتەوە بەسەرۆكی ئەمریكا. ئەو لە ٢٠١٦ هەڵبژاردنی بردەوە، پاشان لە ٢٠٢٠ بەرامبەر بە جۆ بایدن دۆڕا و لە ٢٠٢٤، دووبارە بووەوە بە سەرۆكی ئەمریكا.
بەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٠دا، ترامپ ئەنجامی هەڵبژاردنی رەتكردەوە، بۆیە بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی بایدنی نەكرد، بەڵام بایدن بەپێچەوانەی ترامپ، بەشداری سوێندخواردنی ترامپی كرد و بەشێوەیەكی زۆر جوان دەسەڵاتی رادەست كرد.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ترامپ لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونیدا، ٢٠٠ بڕیارنامە ئیمزا دەكات، كە بڕیارنامەكان زۆر گرنگن، یەكێك لەوانە رێگەگرتنە لە هاتنی كۆچبەری نایاسایی بۆ ئەمریكا.
هەروەها چەند بڕیارێك كە پێشتر لەبارەی پاراستنی ژینگە دەرچووبوو، ترامپ هەموویان رەتدەكاتەوە.
ئەوەی گرنگە و كۆنگرێسی ئەمریكا لە ٢٠٢١ەوە داوا دەكات و تەنانەت فشاریشیان كردبووە سەر بایدن، ئازادكردنی ١٦٠٠ تاوانبارە، ترامپ ئەو داوایەی كۆنگرێس جێبەجێ دەكات و هەر لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونیدا ئازادكردنی ئەوانیش ئیمزا دەكات.

پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیادا
تاوەكوو ئێستا بەرچاوی توركیا روون نییە، پلانی ترامپ بۆ رۆژئاوای كوردستان و پەیوەندیی لەگەڵ توركیا چۆنە، بەڵام رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەردەوام ترامپ بەهاوڕێی خۆی دەزانێت و ترامپیش لە چەندین شوێندا گوتویەتی، ئەردۆغان بەگوێی دەكات و هەر ئەویش بووە پەشیمانی كردووەتەوە، كە پەلاماری رۆژئاوا نەدات.
توركیا و ئیدارەی ئەردۆغان، چاوەڕێن تا لەرێگەی ترامپەوە، وا بكەن ئەمریكا هێزەكانی لە رۆژئاوا بكشێنێتەوە، بەمەش رێگەی بۆ خۆش بێت تا پەلاماری یەپەگە بدات، بەڵام چەندین سیناتۆری بەناوبانگی ئەمریكی، هۆشدارییان داوەتە ترامپ، كە بەهیچ شێوەیەك نابێت پشت لە یەپەگە بكات، چونكە ئەنجامەكەی بۆ ئەمریكا باش نابێت.
لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتیی ترامپدا، پەیوەندی توركیا و ئەمریكا باش نەبوو، بەهۆی دەستگیركردنی قەشە برۆنسۆنەوە، ترامپ سزای ئابووریی بەسەر توركیا سەپاند، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی توركیا ئابوورییەكەی لاواز بێت و پارەی توركیش بەرامبەر بە دۆلار بەهاكەی بێتەوە خوارەوە، بەڵام رێگەیدا كە عەفرین داگیر بكات، ئەمەش كاردانەوەی گەورەی لە جیهاندا بەدوای خۆیدا پەیدا كرد و ترامپ ناچار كرا، نامەیەك بۆ ئەردۆغان بنێرێت و پێی بڵێت هیچیتر بۆت نییە پەلاماری كورد بدەیت.
لەسێ مانگی یەكەمی ئیدارەی ترامپدا، دەردەكەوێت كە ستراتیژییەتی ترامپ بەرامبەر بە توركیا و كوردانی رۆژئاوا چییە؟